‌حزبی شیوعی:گەلەكەمان كەسایەتییەكی تێكۆشەری لەدەست دا
PM:06:29:19/05/2017

وێستگە نیوز - مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان رایدەگەیەنێت کە گەلەكەمان بە كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا كەسایەتییەكی تێكۆشەری لەدەست دا.

مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بروسكەیەکی ماتەمینی ئاڕاستەی سەركردایەتی، جڤاتی نیشتمانی  بزوتنەوەی گۆڕان و خێزان و بنەماڵەی  نەوشیروان مسته‌فا کرد.

لە بروسکەکەدا هاتووە "بەناوی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستانەوە پرسەو سەرەخۆشی خۆمان بەهۆی كۆچی دوایی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆران بەڕێز كاك نەوشیروان مستەفا بە ئێوەی بەرێز رادەگەیەنین".

مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان دەڵێت: "كاك نوشیروان زۆربەی تەمەنی بۆ تێكۆشان لەپێناو بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی گەلەكەمان، لە خەباتی نهێنی و لە خەباتی شاخ و پاشانیش لە هەلومەرجە جۆراوجۆرەكانی هەرێم پاش راپەرین و دوای روخاندنی رژیمی دیكتاتوری لە عێراقدا، تەرخان كردبوو".

ئاماژەشی بەوە داوە کە "ئەمەو جگە لە بەرهەمەكانی وەك نوسەرێكی كارامە بەتایبەتی لەبواری مێژوو وشیكاری سیاسیدا".

مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان راشیگەیاندووە کە "گەلەكەمان بە كۆچی دوایی كاك نەوشیروان، كەسایەتیكی تێكۆشەری لە دەستدا".

بەیانی ئەمڕۆ نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری‌ گشتیی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان لە تەمەنی‌ 73 ساڵیدا کۆچی‌ دوایی‌ کرد و بڕیارە سبەی‌ کاتژمێر 10ی‌ سەرلەبەیانی‌ لە گردی‌ زەرگەتەی‌ شاری‌ سلێمانی‌ بە خاک بسپێردرێت.

تاوەکو ئێستا بە بۆنەی‌ کۆچی‌ دوایی‌ نەوشیروان مستەفاوە چەندین پەیامی‌ سەرەخۆشی‌ ئاڕاستەی‌ بنەماڵە و کەسوکار و لایەنگران و ئەندامانی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان کراون.




ئه‌م بابه‌ته 3565 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


هەواڵی زیاتر

Copyright 2017. westganews.com. All Rights Reserved.