‌فوئاد مه‌عسوم: نه‌وشیروان مسته‌فا لە هەمو وێستگەكاندا هەڵوێستی نمونەیی پێشكەش كردووە
PM:07:53:19/05/2017

     
وێستگە نیوز - سه‌رۆك كۆماری عیراق رایگەیاند کە نه‌وشیروان مسته‌فا لە هەمو وێستگەكاندا هەڵوێستی نمونەیی پێشكەش كردووە و كەسایەتییەكی كاریگەری نیشان داوە، ئاماژەشی بەوەدا کە ماڵئاوایكردنی خه‌ساره‌تێكی گه‌وره‌یه‌.


 فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عیراق  به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ پرسه‌ و سه‌رەخۆشی خۆی ئاڕاسته‌ی كه‌سوكار و جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان کرد.

سەرۆك كۆماری عیراق رایگەیاندووە کە "بەداخ و دڵتەنگییی زۆرەوە هەواڵی ماڵئاوایی یەكجارەكیی هەڤاڵ و دۆستی دێرینم كاكە نەوشیروان مستەفام بیست، كە لە ناخەوە هەژاندمی. بۆ ئەو كۆستە گەورەیە پرسە و ماتەمینی قوڵی خۆم دەگەیەنم بە جڤاتی نیشتمانیی و ئۆرگانەكانی تری بزوتنەوەی گۆڕان و یەك بەیەكی ئەندامانی خانەوادە و بنەماڵەی تێكۆشەری كاك نەوشیروان.

سەرۆك كۆماری عیراق نووسیویەتی:  "كاك نەوشیروان مستەفا كەسایەتییەكی گرنگ بو لە بزوتنەوەی نیشتمانیی و دیموكراسیی عێراق و كوردایەتیدا، مێژویەكی دور و درێژ پێكەوەمانی دەبەستەوە هەر لە دەستەی دامەزراندنی (ی.ن.ك) ەوە تا رۆژگارە سەختەكانی تری خەبات دژی دیكتاتۆریی و دوای رزگاریی و ئازادیی و سەردەم و قۆناغە جیاجیاكانی حوكمڕانیی چ لە هەرێمی كوردستان چ لە عێراقی نوێدا، كە هەمیشە لە هەمو وێستگەكاندا هەڵوێستی نمونەیی پێشكەش كردوە و كەسایەتییەكی كاریگەری نیشان داوە".

 ئاماژەشی بەوە داوە کە "لەو ماوە دورودرێژەی پێكەوە كارمان كردوە لە مەكتەبی سیاسیی (ی.ن.ك) كاك نەوشیروان نمونەی هەڤاڵ و دۆستی بە ئەمەك بوە كە مایەی شانازیی بوە، لە عێراقی نوێشدا لە كاتی نوسینەوەی دەستوردا رۆڵێكی بەرچاوی هەبوە كە جێی ستایشە، بۆیە ماڵئاوایكردنەكەی خەسارەتێكە هەموان بۆی پەرۆش و خەمبارین".

سەرۆك كۆماری عیراق راشیگەیاندووە کە "لە پەروەردگارمان داوایە گیانی ئەم تێكۆشەرە بە بەهەشتی نەمران شاد بكات، سەبورییش بە هەڤاڵەكانی لە بزوتنەوەی گۆڕان و خانەوادە و بنەماڵەی بەڕێزی و دۆستان و ئازیزانی ببەخشێت و ئەوە دوایین ناخۆشیی بێت".

بەیانی ئەمڕۆ نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری‌ گشتیی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان لە تەمەنی‌ 73 ساڵیدا کۆچی‌ دوایی‌ کرد و بڕیارە سبەی‌ کاتژمێر 10ی‌ سەرلەبەیانی‌ لە گردی‌ زەرگەتەی‌ شاری‌ سلێمانی‌ بە خاک بسپێردرێت.

تاوەکو ئێستا بە بۆنەی‌ کۆچی‌ دوایی‌ نەوشیروان مستەفاوە چەندین پەیامی‌ سەرەخۆشی‌ ئاڕاستەی‌ بنەماڵە و کەسوکار و لایەنگران و ئەندامانی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان کراون.




ئه‌م بابه‌ته 8029 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


هەواڵی زیاتر

Copyright 2017. westganews.com. All Rights Reserved.