‌داوا دەکرێت بۆ ماوەی 3 ڕۆژ لە هەرێم پرسەی سەرتاسەری ڕابگەیەنرێت
PM:09:32:19/05/2017

وێستگە نیوز – پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان داواکارە بەبۆنەی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا بۆ ماوەی 3 ڕۆژ لە هەرێم پرسەی سەرتاسەری ڕابگەیەنرێت.

پەروا عەلی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست وێستگە نیوز کەوتووە، رایگەیاند کە "داوادەکەم (حداد )پرسەی سەرتاسەری بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ لە هەرێمی کوردستان ڕابگەیەنرێت..".

پەروا عەلی دەڵێت: "داواکارم لە فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگا بەفەرمی پرسە (حداد) بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە هەرێمی کوردستان ڕابگەیەنرێت".

ئاماژەشی بەوە داوە کە "گەر پارتی ڕازی نەبێت بۆ ئەم داواکارییە پێویستە لە ناوچەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان پرسەی سەرتاسەری ڕابگەیەنرێت".

راشیگەیاندووە کە بۆیە داوادەکەم هەر سێ فراکسیۆنی گۆڕان ئەو داوایە بەفەرمی لە پارێزگاری سلێمانی وجێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی بکەن بۆ جێبەجێکردنی، لەبەر ئەوەی :

١-بەڕیز نەوشیروان مستەفا زیاتر لە 55 ساڵی تەمەنی بۆ خەبات وتێکۆشان تەرخان کردوە.

٢-یەکێک بوو لە سەرکردە دیارەکانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و ئەندازیاری ڕاپەڕینی کوردستان بوو کە هەمووان لە سایەیدا بە ئازادی دەژین.

٣-یەکێک بوو لە هەرە سەرکردە خاکی و پاکەکانی کوردستان کە هەمیشە لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا بووە، شاخەکانی کوردستانی بەجێنەهێشتوو لە دواساتەکانی ژیانیشیدا لە کوردستان مالئاوایی کرد.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەو پەرلەمانتارە نووسیویەتی: "داواکارم لە هەموو نیشتمان پەروەران و دڵسۆزانی حیزب و لایەنە جیاوازەکان، پەرلەمانتارەکانی فراکسیۆنە جیاوازەکان پشتیوانی ئەم داواکارییە بن..".




ئه‌م بابه‌ته 10553 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێندراو
هەواڵی زیاتر

Copyright 2017. westganews.com. All Rights Reserved.