‌" نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌رچاوه‌ی راوێژ و رێنمایی كارمان بووه‌ بۆ كاری په‌رله‌مانی"
PM:11:02:19/05/2017
‌د. یوسف محه‌مه‌د

وێستگه‌ نیوز –
 سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان رایگه‌یاند سه‌ركرده‌ و كاریزمایه‌كی گه‌وره‌ و یه‌كێك له‌ سیمبوله‌ كه‌م وێنه‌ و مه‌زنه‌كانی بزاڤی رزگاریخوازیی كورد كۆچی دوایی كرد، هیوادارین و خه‌ون و هیواكانی نه‌وشیروان مسته‌فا، به‌ درووشمی (خۆنه‌ویستی و خاكی بوون و خزمه‌تكاریی هاوڵاتیان) درێژه‌ پێ بده‌ین.
 
د. یوسف محه‌مه‌د سادق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ كۆچی‌ دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ په‌یامێكی‌ ماته‌مینی‌ راگه‌یاند.

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت: "به‌داخ و خه‌مێكی قوڵه‌وه‌، ئه‌مڕۆ كاك نه‌وشیروان مسته‌فا، سه‌ركرده‌ و كاریزمایه‌كی گه‌وره‌ و یه‌كێك له‌ سیمبوله‌ كه‌م وێنه‌ و مه‌زنه‌كانی بزاڤی ڕزگاریخوازیی كورد كۆچی دوایی كرد".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "نه‌وشیروان مسته‌فا، دۆست و نه‌یاره‌كانی، وه‌ك لوتكه‌ی پاكی و خۆنه‌ویستی و نیشتماندۆستی و خاك دۆستی ته‌ماشای ده‌كه‌ن".
ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "به‌ده‌ر له‌وه‌ی وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی مه‌زن و كاریگه‌ر، له‌ ناوه‌وه‌ی ڕوداوه‌ گه‌رمه‌كانی نیو سه‌ده‌ی خه‌باتی گه‌له‌كه‌مان ئاماده‌ییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بووه‌، كاك نه‌وشیروان توێژه‌ر و مێژوونووس و ئه‌دیبێكی دیار بوو، ساغكردنه‌وه‌ی ده‌یان بابه‌ت و پرسی مێژوویی و ئه‌ده‌بی و ڕۆژنامه‌وانی كوردی له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا، به‌ڵگه‌یه‌كی تری كاریگه‌ریی و قورسایی ئه‌و ده‌خاته‌ ڕوو".

د. یوسف محه‌مه‌د نووسیویه‌تی‌: "كاك نه‌وشیروان به‌ده‌ر له‌سه‌ركرده‌ و مامۆستا و هاورێ، بۆ ئێمه‌ پشت و په‌ناو سه‌رچاوه‌ی راوێژ و رێنمایی كارمان بووه‌ بۆ كاری په‌رله‌مانی".

راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "به‌ناوی خۆم و په‌رله‌مانی كوردستان و هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، ماته‌مینی سه‌رتاسه‌ریی ڕاده‌گه‌یه‌نین و هیوادارین و خه‌ون و هیواكانی نه‌وشیروان مسته‌فا،به‌ درووشمی (خۆنه‌ویستی و خاكی بوون و خزمه‌تكاریی هاوڵاتیان) درێژه‌ پێ بده‌ین!".

بەیانی ئەمڕۆ نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری‌ گشتیی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان لە تەمەنی‌ 73 ساڵیدا کۆچی‌ دوایی‌ کرد و بڕیارە سبەی‌ کاتژمێر 10ی‌ سەرلەبەیانی‌ لە گردی‌ زەرگەتەی‌ شاری‌ سلێمانی‌ بە خاک بسپێردرێت.

تاوەکو ئێستا بە بۆنەی‌ کۆچی‌ دوایی‌ نەوشیروان مستەفاوە چەندین پەیامی‌ سەرەخۆشی‌ ئاڕاستەی‌ بنەماڵە و کەسوکار و لایەنگران و ئەندامانی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان کراون.




ئه‌م بابه‌ته 8977 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


هەواڵی زیاتر

Copyright 2017. westganews.com. All Rights Reserved.