چۆنیەتى هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنى ڕێکخەرى گشتى لە ناو بزووتنەوەى گۆڕان دا بخوێنەرەوە


وێستگە نیوز -
دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، پرسی دیاریکردنی شوێنگرەوەیەک بۆ پۆستی ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان دێتە پێشەوە.

بەپێی دەستووری ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان لەکاتی چۆڵبونی جێگەی ڕێکخەری گشتیی بزوتنەوەکەدا، لە سۆنگەی وازهێنانی یان هەر هۆیەکی ترەوە، بۆ پڕکردنەوەی شوێنەکەی، یەکێک لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی یان یەکێک لە ئەندامانی جڤاتی گشتی یان کەسایەتیەکی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان لە دەرەوەی هەر دوو جڤات، بە دەنگدانی نهێنی و ڕاستەوخۆ و بە زۆرینەی ڕەها هەڵدەبژێرن.

هەر بەپێی ماددەی ١٥ لە  دەستووری ناوخۆی گۆڕان ئەگەر کەسێک لە جاری یەکەمی هەڵبژاردندا دەنگی پێویستی نەهێنابوو، بۆ جاری دووەم هەڵبژاردن بۆ یەکەمین و دووەمین کەس، کە زۆرترین دەنگیان هێناوە دووبارە دەکرێتەوە. ئەوکات بە دەنگی زۆرینەی سادە کەسێک هەڵدەبژێردرێت. لە حاڵەتێکیشدا ئەگەر جڤاتی نیشتمانی نەیتوانی کەسێک بۆ ڕێکخەری گشتی دیاری بکات کۆنگرەی نائاسایی دەبەسترێت.

بەپێی دەستووری ناوخۆیی گۆڕان ڕێکخەری گشتی جێگری نییە، بۆیە لە دوای نەخۆشکەوتنی نەوشیروان مستەفا و چوونە دەرەوەی بۆ مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، ستافێک لە جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان کاروباری بزووتنەوەکەیان بەڕێوەدەبرد.

ئێستاش لە دوای کۆچی دوایی ڕێکخەری گشتیی گۆڕان، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەپرسن، تا چەند بزووتنەوەی گۆڕان دەتوانێت بە ئاسانی کەسێک بۆ شوێنی نەوشیروان مستەفا دیاری بکات؟



PM:10:14:21/05/2017


ئه‌م بابه‌ته 28880 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت