دەستنوسی‌ بیرەوەرییەکانی‌ نەوشیروان مستەفا ئامادەن بۆ چاپکردن

‌نەوشیروان مستەفا

وێستگه‌ نیوز ـ
سەرۆکی‌ بنکەی‌ ژین ڕایگەیاند، بیرەوەرییەکانی‌ نەوشیروان مستەفا لە پێنج بەرگ پێک دێت و هەتا ئێستا سێ بەرگی‌ بڵاوکراونەتەوە و دوو بەرگەکەی‌ تری‌ ئامادەن بۆ چاپکردن.


رەفیق ساڵح، سەرۆکی‌ بنکەی‌ ژین و هاوڕێی‌ نزیکی‌ نەوشیروان مستەفا بە رۆژنامەی‌ ئاوێنەی‌ راگەیاندووە، نەوشیروان مستەفا زۆر پرۆژەی‌ هەبووە ئەنجامی‌ بدات، یەکێک لەوانە لە پرۆژەیەک بوو بەپێنج بەرگ بەناوی‌ (چەند لاپەڕەیەک مێژووی‌ رۆژنامەگەری‌ کوردی‌) هەندێک لەو بەرگانە ماون و چاپ نەکراون، بەتایبەتی‌ ئەو بەرگانە کە پەیوەندییان بە رۆژنامەگەری‌ کوردییەوە هەیە لەدوای‌ 14ی‌ تەموزی‌ ساڵی‌ 1958 هەتاوەکو سەردەمی‌ بەعس.

وتیشی‌: "بێجگە لەوەش نەوشیروان مستەفا بەردەوام بووە لە نوسینەوەی‌ بیرەوەرییەکانی‌ کەلە پێنج بەرگ پێکدێت و تا ئێستا سێ بەرگی‌ لێ بڵاوکراوەتەوە و دووانی‌ تریش ماون بڵاوبکرێنەوە".

رەفیق ساڵح ئاماژەی‌ بۆ ئەوەشکردووە کەکاتی‌ خۆی‌ لێی‌ پرسیوە بۆچی‌ دوو بەرگەکەی‌ تری‌ بیرەوەرییەکانی‌ بڵاوناکاتەوە، نەوشیروان مستەفا وتویەتی‌، "لەبەر هەستیاری‌ دۆخەکە، چونکە ئێستا من بەرپرسی‌ رێکخراوێکم لەوانەیە سەرئێشە بۆ هەواداران و دڵسۆزانی‌ بزوتنەوەکە دروست بکات".

سەرۆکی‌ بنکەی‌ ژین ئەوەشی‌ وتووە، زۆر پرۆژەی‌ تری‌ هەبووە لەوانە کورد لە ڕۆژنامەگەری‌ عێراقی‌ و هەروەها تێگەیشتنی‌ ڕاستی‌ کە ئیگلیزەکانی‌ لەسەرەتای‌ داگیرکردنی‌ عێراق لە ساڵی‌ 1918 یەکەم ژمارەیان لە بەغدا دەرکرد.

ساڵح ئەوەشی‌ وتووە، نەوشیروان مستەفا رۆژانە چوار بۆ پێنج کاتژمێر دەخەوت و باقی‌ کاتەکەی‌ تری‌ بۆ سیاسەت و نووسین و خوێندنەوە تەرخان دەکرد.

هاوکات مەجید ساڵح،  سەرپەرشتیاری‌ چاپکردنی‌ کتێبەکانی‌ نەوشیروان مستەفا وتی‌ "کۆچکردنی‌ نەوشیروان مستەفا تەنها بۆشایی‌ لەبواری‌ سیاسەتدا جێناهێڵێت، بەڵکو کۆچی‌ ئەو بۆشایی‌ لە ئەدەب و روناکبیری‌ و دیبلۆماسیشدا جێدەهێڵێت".

هەروەها وتیشی‌، بەر لە سەفەرەکەی‌ دەستنوسی‌ کتێبێکی‌ پێداوم کە لە دوو بەش پێکهاتووە، بەشێکیان تایبەتە بە کورد و پروپاگەندەی‌ ئینگلیزەکان لە ڕۆژنامەی‌ تێگەیشتنی‌ ڕاستی‌، بەشەکەی‌ تریشی‌ پێکهاتووە لە کورد و ڕۆژنامەگەری‌ عەرەبی‌ لە رۆژنامەی‌ (لغه‌ العرب) لە 1911تا 1930.

مەجید ساڵح ئەوەشی‌ وت، بەشێکی‌ بیرەوەرییەکانی‌ شەڕی‌ ناوخۆ و ئەم ساڵانەی‌ دوایشی‌ یاداشت کردووە، بەتایبەتی‌ دوای‌ ساڵی‌ 2005 بەشی‌ زۆری‌ تەواو بووە و ماوەتەوە سەر ئەوەی‌ لەگەڵ لیژنەیەک و کەسوکاری‌ دابنیشین و ئامادەی‌ بکەین بۆ چاپ.

نەوشیروان مستەفا خاوەنی‌ زیاتر لە 20 کتێبە لەبوارەکانی‌ (مێژوو، سیاسەت، ڕۆژنامەوانی‌ و ئەدەب).

رۆژی هه‌ینی 19ی ئایاری 2017، نه‌وشیروان مسته‌فا، رێكخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی له‌ شاری سلێمانی له‌ ته‌مه‌نی 73 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

رۆژانی شه‌ممه‌و یه‌كشه‌ممه‌ 20 و 21ی ئایاری 2017، له‌ شاره‌كانی سلێمانی و هه‌ولێر پرسه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا دانراو ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ سه‌ركرده‌ی سیاسی و رۆشنبیری و كه‌سایه‌تی له‌ چین و توێژه‌ جیاوازه‌كان به‌شداری پرسه‌كه‌یان كرد و هه‌ر دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كۆتایی هاتنی پرسه‌كه‌ی راگه‌یاند.


AM:11:10:23/05/2017


ئه‌م بابه‌ته 12656 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو