ئاسایشی سلێمانی: دەستبەسەر پێنج کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گیراوە


وێستگە نیوز -
جه‌لال ئه‌مین به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، دەستیان گرتووە بەسەر پێنج کیلۆم ماددەی هۆشبەردا لە جۆری تلیاک.

ئەمڕۆ سێشەممە جه‌لال ئه‌مین لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا وتی، بە هاوکاری ئاسایشی دوکان دوێنێ توانیویانە دەستبگرن بەسەر پێنج کیلۆ تلیاکدا بگرن کە چەند کەسێک بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان دەیانویست بیهێننە شاری سلێمانی و دابەشی بکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، چەند تۆمەتبارێک لەسەر ئەو بابەتە دەستگیرکراون و یەکێکیان دانی ناوە بە تاوانەکەیدا.

ناوبراو هێمای بۆ ئەوەش کرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٨٤ کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستگیرکراون کە چواریان ئافرەت بوون، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو ٣١٠ کەس دەستگیرکراون کە ١٠یان ئافرەت بوون.

هەروەها وتیشی، بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە نەگەیشتووەتە ئەوەی ببێتە دیاردە، بەڵام ئەگەر حکومەت بیر لەوە نەکاتەوە سنورەکان توندوتۆڵبکاتەوە ئەوا مەترسی زیاتر دەبێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ زیا پتروس سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم ڕایگەیاند "ئەمساڵ تا ئێستا ٣١٦ کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستگیرکراون کە ٨٥ کەسیان بازرگانیان بە مادە هۆشبەرەکانەوە کردووە".

ئەوەشی وت کە ڕێژەی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان زیادی کردووە و ئەوەش بە دیاردەیەکەی مەترسیدار دەزانن ئەگەر بێت و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و بەکارهێنەرەکانیان نەکرێت لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا.



PM:04:16:23/05/2017


ئه‌م بابه‌ته 2237 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت