شانه‌ی جه‌نگیی عیراق: 34 چه‌كداری داعش له‌ ئه‌نبار كوژراون

‌هێزێکی ئەمنیی عیراق

وێستگه‌ نیوزـ

شانه‌ی جه‌نگیی عیراق ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ رایگه‌یاند كه‌ له‌ ئۆراسیۆنێكی قوڵایی بیابانه‌كانی ئه‌نباردا، 34 چه‌كداری داعشیان كوشتووه‌.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا شانه‌ی جه‌نگیی عیراق بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ فه‌رمانده‌یی پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كانی جزیره‌ كه‌ له‌ فریقه‌ی حه‌وتی سوپای عیراق و لیوای مغاویر و حه‌شدی عه‌شایه‌ری پێكهاتووه‌، به‌ پشتیوانیی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی عیراق و هاوپه‌یمانان ئۆپراسیۆنێكیان له‌ قوڵایی بیابانی ئه‌نبار له‌ سێ میحوه‌ره‌وه‌ ئه‌نجامداوه‌.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ئۆپراسیۆنه‌كه‌ 48 كاتژمێری خایاندووه‌ و سه‌ركه‌وتوش بووه‌، له‌ئاكامیشدا 34 چه‌كداری داعش كوژراون و 70 بۆمبی چێنراوی ئه‌و رێكخراوه‌ش له‌ ناوچه‌كه‌دا پوچه‌ڵكراونه‌ته‌وه‌.

هه‌ر له‌و ئۆپراسیۆنه‌دا هێزه‌كانی عیراق ده‌ستیان به‌سه‌ر ئۆتۆمبیلێكی سه‌ربازیی داعش گرتووه‌ كه‌ چه‌كێكی دژه‌فڕۆكه‌ی به‌سه‌ره‌وه‌ بووه‌، ئه‌مه‌ وێڕای له‌ناوبردنی چه‌ندین ته‌قه‌مه‌نی و به‌له‌می داعش كه‌ چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌ بۆ په‌ڕینه‌وه‌ له‌ كه‌ناره‌كانی روباری فورات به‌كاریان هێناوه‌.


PM:09:42:23/05/2017


ئه‌م بابه‌ته 3737 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت