عه‌بادی: كاری له‌پێشینه‌مان دابه‌شكردنی سامانی وڵاته‌ به‌ دادپه‌روه‌ری

‌حەیدەر عەبادی لەگەڵ هونەرمەندانی عیراق

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق چاوی به‌ ژماره‌یه‌ك هونه‌رمه‌ند و ئه‌كته‌ری عیراقی كه‌وت و رایگه‌یاند كه‌ "خێر بۆ عیراق به‌ڕێوه‌یه‌وه‌ و كاری له‌پێشینه‌مان هێنانه‌كایه‌ی دادپه‌روه‌ریییه‌ له‌ دابه‌شكردنی سامانی وڵاتدا."

له‌دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و ژماره‌ هونه‌رمه‌ند و ئه‌كته‌ره‌ عیراقییه‌، حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشكرایكردووه‌ كه‌ له‌ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر رێكخراوی داعشدا نزیكن و به‌وه‌ش ده‌رگای نوێ بۆ ئاوه‌دانی و بنیادنانی كۆمه‌ڵگه‌ و ئاسۆ بۆ وڵات ده‌كرێته‌وه‌.

عه‌بادی راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ هێزی نیشتمانی له‌سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی عیراق بۆ رزگاركردنه‌وه‌ی موسڵ ده‌جه‌نگن و ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ی یه‌كگرتوویی و ده‌رخستنی هێزی عیراقییه‌كانه‌.

سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق جه‌ختیشی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هونه‌رمه‌ندان رۆڵێكی گه‌وره‌یان هه‌بووه‌ له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی جیاكاریی تایه‌فی و ره‌گه‌ز و پێویسته‌ پشتیوانی له‌و هه‌ڵوێسته‌ بكرێت، جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ سود له‌ ره‌خنه‌ی بنیادنه‌ر ده‌گرن، چونكه‌ ئه‌و جۆره‌ ره‌خنانه‌ نیشانه‌ی كه‌موكورتییه‌كن كه‌ حكومه‌ت ئاگای لێ نه‌بووه‌.

عه‌بادی ئه‌وه‌شی دوپاتكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ عیراق چاوه‌ڕوانی خێر ده‌كات و كاری له‌پێشینه‌مان ئه‌وه‌یه‌ پشتوانی بكه‌ن و دادپه‌روه‌ری له‌ دابه‌شكردنی سامانی وڵات بهێنینه‌ كایه‌وه‌.


PM:08:04:24/05/2017


ئه‌م بابه‌ته 3205 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت