له‌سه‌ر كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان، یه‌كگرتوو وه‌ڵامی ئیمنیكی ده‌داته‌وه‌


وێسگه‌ نیوزـ

وته‌بێژی فه‌رمیی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان وه‌ڵامی جەعفەر ئیمنیكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی دایه‌وه‌ كه‌ رایگه‌یاندبوو بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان، ئه‌گه‌ری رێككه‌وتنێكی نوێ له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی و یه‌كگرتوو هه‌یه‌.

له‌ وه‌ڵامه‌كه‌یدا بۆ ئیمنیكی، هادی عه‌لی، وته‌بێژی فه‌رمیی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان رایگه‌یاندووه‌: "ئەوەندەی پەیوەستە بە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانەوە، ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەكی نییە،  ئێمە سوورین لەسەر هەڵوێستی بەردەوامی خۆمان كە چارەسەركردنی قەیرانە سیاسییەكە هەرێم پێویستی بە تەوافوقی سیاسی هەموو لایەنەكانە."

پێشتر جه‌عفه‌ر ئیمینكی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئه‌نادۆڵ وتی: "پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌وڵ بۆ ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ په‌رله‌مان له‌سه‌ر میكانیزمێكی دیموكراسی و یاسایی كارا بكرێته‌وه‌، پارتی پێشتر رێككه‌وتنێكی دووقۆڵی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا هه‌بوو له‌ چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌دا سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان پێكهێنرا، به‌ڵام له‌ ئێستادا ئه‌و رێككه‌وتنه‌ به‌ ته‌واوی هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ بۆ قۆناغی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان پێویسته‌ رێككه‌وتنێكی نوێ بكرێت له‌ نێوان لایه‌نه‌كان".

له‌باره‌ی رێككه‌وتنه‌ نوێیه‌كه‌ كه‌ پارتی به‌ نیازه‌ بیكات، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ "قۆناغه‌كه‌ وا ده‌خوازێت رێككه‌وتنێكی نوێ له‌ نێوان هه‌موو لایه‌نه‌كان بكرێت، به‌ڵام له‌ ئێستادا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و یه‌كگرتووی ئیسلامی زۆر باشه‌ و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ رێككه‌وتنێكی نوێ له‌ نێوانمان بێته‌ ئاراوه‌ بۆ دیاریكردنی سه‌رۆكایه‌تییه‌كی نوێ بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، هیوادارین په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاسایی ببێته‌وه‌".

جه‌عفه‌ر ئیمینكی‌ وتی‌: "پارتی له‌سه‌ر بڕیاری خۆی سووره‌ و جارێكی دیكه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ناكات كه‌ یوسف محه‌مه‌د ببێته‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان".

ده‌قی وه‌ڵامه‌كه‌ی هادی عه‌لی بۆ ئیمنیكی:

لێدوانێك لە وتەبێژی فەرمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
لەهەواڵێكدا بەناوی بەڕێز (جەعفەر ئیمنیكی) لە پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاوكراوەتەوە، گوایە ئەگەری هەیە لەلایەن پارتی و یەكێتی و یەكگرتوو، پەرلەمان كارا بكرێتەوە.

ئێمە بۆ هەموو لایەكی رادەگەیەنین ئەوەندەی پەیوەستە بە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانەوە، ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەكی نییە،  ئێمە سوورین لەسەر هەڵوێستی بەردەوامی خۆمان كە چارەسەركردنی قەیرانە سیاسییەكە هەرێم پێویستی بە تەوافوقی سیاسی هەموو لایەنەكانە، جگە لەوەش قۆناغەكە پێویستی بەیەكڕیزی و كۆدەنگی نیشتیمانییە.

بۆیە خوازیارین هیچ كەس و لایەنێك بەناوی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانەوە لێدوان نەدات، چونكە ئێمە خۆمان لەكاتی پێویستدا دیدو هەڵوێستی یەكگرتوو بۆ هەموو لایەك رادەگەیەنین.

لەگەڵ ڕێزدا 
د. هادی عەلی
25/5/2017


PM:10:08:25/05/2017


ئه‌م بابه‌ته 12893 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت