حه‌سه‌ن نه‌سروڵا داوای گفتوگۆ له‌ نێوان سعودییه‌ و ئێراندا ده‌كات

‌حەسەن نەسروڵا..

وێستگه‌ نیوز ـ
سکرتێری گشتی حیزبوڵا سعودییەی ئاگادار کردەوە کە دەدۆڕێت لە هەر شەڕێکدا کە بیەوێت لەگەڵ ئێراندا بیکات و ئامۆژگاری ڕیازی کردووە، گفتوگۆ بکات لەگەڵ تاراندا لەجیاتی ئەوەی بەشێوەیەک هەڵسوکەت بکات کە ببێتە هۆی رشتنی خوێنی زیاتر.

دەنگی‌ ئەمریکا بڵاویکردەوە، حەسەن نەسروڵای سەرکردەی حیزبوڵای لوبنان رایگەیاندووە، سعودیە دەیەوێت ئەمریکا وا لێبکات بکەوێتە ناکۆکییەوە لەگەڵ ئێراندا دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ عەرەبستانی سعودیە راگەیاند و هێرشی کردە سەر ئێران.

نەسرووڵا لە وتارێکیدا وتی: " ئێران تادێت لە هەموو روویەکەوە بەهێزتر دەبێت و هەموو جیهانیش شایەتی ئەوە دەدەن، منیش ئامۆژگاری سعودیە دەکەم ناکۆکی و جەنگ بخاتە لاوە، تاکە چارەسەر بۆ ئێوە لەبەر خاتری هەموو موسوڵمانان و ناوچەکە و وڵاتانی ناوچەکە و گەلانی ناوچەکە ئەوەیە گفتوگۆ و دانووستاندن بکەن لەگەڵ ئێراندا و ئێران هەمیشە ئامادەبووە".

وتووشیەتی‌: " ئەم رێگەیەی گرتووتانەتە بەر هیچ ئەنجامێکی نابێت بێجگە لەوە نەبێت پارەی زیاتر خەرج دەکەن و خوێنی زیاتر دەڕێژن و ئێوەش دەدۆڕێن، ئێوەن ئەوانەی شکست دەخۆن".

ئەمەش لە کاتێکدایە کێبڕکێی نێوان سعودیە و ئێران ناکۆکییەکان قووڵتر دەکاتەوە لە ناوچەکە و شەڕی سوریاشدا کە حیزبوڵا رۆڵێکی سەرەکی بینیوە لە شەڕەکەدا و پشتیوانی لە سەرۆک بەشار ئەسەد کردووە.


AM:08:43:26/05/2017


ئه‌م بابه‌ته 2433 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو