سه‌رۆك هۆزێكی شمه‌ر: ڕۆڵی پێشمەرگە لە ناحیەی ڕەبیعە کۆتایی هاتووە


وێستگه‌ نیوزـ

یەکێک لە سەرۆک هۆزەکانی شمەر ئەمڕۆ هەینی 26ی ئایاری 2017 رایگەیاند، ڕۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە لە ناحیەی ڕەبیعەی خۆرئاوای موسڵ کۆتایی هاتووە.

فەواز جەربا، یەکێک لە سەرۆک هۆزەکانی شمەر لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕ تی عەرەبی ئەمڕۆ وتی "ئەو هێزانەی پێشمەرگە  کە لە ناحیەی رەبیعە بوونیان هەیە، ئەو ناوچەیە ناوچەیەکی عەرەبییە و دانیشتوانەکەی لە توانایاندایە بیپارێزن، بە تایبەت ئەوانەیان کە چوونەتە ناو ڕیزەکانی حەشدی شەعبییەوە دەتوانن جڵەوی ئەمنی ناوچە بگرنە دەست و بیپارێزن".

جەربا ئاماژەی بەوەش کردووە، لەو بڕوایەدایە ڕۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە کۆتایی هاتووە لە ناوچەکە و پێویستە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی پێشووتر، لەوبارەیەوە وتی "ئێمە لە ئێستادا لە ئامادەباشیداین بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانمان و بەرگری لێکردنیان، بۆیە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین بە گۆڕانی دیموگرافی یاخود چارەسەرمان بەسەردا بسەپێنرێت".

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە "دەستدەکەین بە وتووێژ لەگەڵ حکومەتدا بۆئەوەی گوتارێکی فەرمی هەبێت لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەو بابەتە، خوازیارین بابەتەکە پەرەنەسێنێت و بگاتە چارەسەری تر کە پێمان خۆش نییە".

فەواز جەربا پێشتر ئەندامی پەرلەمانی عیراق بووە و ، تائێستا چەندجارێک باسی لە هەوڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە بۆ هەوڵی گۆڕانکاری لە دیمۆگرافی ناحیەی ڕەبیعەدا.

فەواز جەربا


PM:09:09:26/05/2017


ئه‌م بابه‌ته 5220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو