جه‌نڕاڵێكی سوپای پاسداران له‌ خۆرئاوای موسڵ كوژرا

‌شەعبان نەسیری، جەنراڵی سوپای پاسدارانی ئێران

وێستگه‌ نیوزـ

درەنگانێکی دوێنێ هەینی 26ی ئایاری 2017، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، یەکێک لە سەرکردەکانی سوپاگه‌ی لە ئۆپراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی و چەکدارانی داعش لە قەزای بەعاج-ی خۆرئاوای موسڵ کوژراوە.

ئاژانسی هه‌واڵی فارس به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی سوپای پاسداران كوژرانی ئه‌و جه‌نڕاڵه‌ی به‌ناوی شەعبان نەسیری پشتڕاستكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ لە پێکدادانەکان لەگەڵ چەکدارانی داعش لە قەزای بەعاجی خۆرئاوای موسڵ کوژراوە.

بە گوێرەی ئاژانسه‌كه‌ ئەو ژەنەڕاڵەی سوپای پاسداران ماوەی 28 ساڵە لە ڕیزەکانی سوپای پاسداراندا خزمەت دەکات و پله‌ی عه‌میدی هه‌بووه‌.

لەلایەکی ترەوە حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردووەتەوە، هەردوو لیوای یەک و دووی حەشدی شەعبی کۆنترۆڵی هەردوو گوندی رەمبوسی شەرقی و غەربییان بە تەواوەتی کردووەتەوە لە دەستی چەکدارانی داعش.

بەهۆی شەڕی چەند ساڵەی ناوخۆی سوریا و دوای سەرهەڵدانی داعش لە عیراق و بەهێزبوون و داگیرکردنی چەند پارێزگایەک، حکومەتی ئێران لەڕێگەی ڕاوێژکار و ژەنەڕاڵی سەربە سوپای پاسدارانەوە هاوکاری سوپای عیراق و سوریای کرد.

بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەستی داعشیش، بەهۆی ئەو روبەڕوبوونەوانەشەوە، تا ئێستا ژمارەیەک گەورە ژەنەڕاڵ و فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران لە عیراق و سوریا کوژراون.

وێنەیەکی کۆنی نەسیری


PM:03:13:27/05/2017


ئه‌م بابه‌ته 3756 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت