په‌چه‌ له‌ موسڵ قه‌ده‌غه‌ كرا

‌گێتی

وێستگه‌ نیوزـ

فه‌رمانده‌ی پۆلیسی پارێزگای نه‌ینه‌وا ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 27ی ئایاری 2017 چه‌ند فه‌رمانێكی بۆ خه‌ڵكی موسڵ ده‌ركرد كه‌ یه‌كێكیان رێگه‌نادات خانمانی ئه‌و شاره‌ په‌چه‌ دابنێن و روخساریان داپۆشن.

عه‌مید روكن واسق حه‌مدانی، فه‌رمانده‌ی پۆلیسی پارێزگای نه‌ینه‌وا رایگه‌یاند كه‌ له‌به‌ر هۆكاری ئه‌منی، رێگه‌نادرێت له‌ بازاڕ و فه‌رمانگه‌ و شوێنه‌ گشتییه‌كاندا خانمان په‌چه‌ بپۆشن، چونكه‌ گومان ده‌كرێت شانه‌ نوستوه‌كانی داعش به‌ نیقاب و جلی ژنانه‌وه‌ هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی بكه‌نه‌ ئامانج.

حه‌مدانی هۆشداریشی له‌ روناككردنه‌وه‌ی ده‌ره‌مه‌ی ماڵه‌كان و كۆڵانه‌كان داوه‌ و فه‌رمانیشی بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆی ماتۆڕسكیل ده‌كردووه‌ كه‌ له‌ كاتژمێر 6ی ئێواره‌وه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌ و هه‌ر كه‌سێك ببینرێت به‌ سه‌رپێچیكار هه‌ژمار ده‌كرێت.

فه‌مانده‌ی پۆلیسی پارێزگای نه‌ینه‌وا داواشی له‌ كۆگاكانی فرۆشتنی مۆبایل كردووه‌ سیم كارت به‌بێ وه‌رگرتنی زانیاری و به‌ڵگه‌نامه‌ی پێویست به‌ كه‌س نه‌فرۆشن و تۆماری كڕین و فرۆشتنیان رێكبخه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وه‌ی سه‌رپێچی بكات ده‌درێته‌ دادگا.

هێزه‌كانی عیراق هێرشێكی به‌رفراوانیان بۆ كۆنتڕ‌وڵكردنه‌وه‌ی خۆرئاوای موسڵ ده‌ستپێكردووه‌ و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش هۆشداری ده‌دات له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا 200 هه‌زار هاوڵاتی مه‌ده‌نیی ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ژێر ده‌ستی داعشدا ماون، ئاواره‌ ببن.


PM:03:42:27/05/2017


ئه‌م بابه‌ته 2985 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو