شێرکۆ میروەیس: داعش دەیەوێت لە بەغدا نزیک بێتەوە


وێستگه‌ نیوزـ

بەرپرسی‌ مەڵبەندی‌ خانەقینی‌ یەکێتی‌ لەپارێزگای‌ دیالە ئاشكرایكرد داعش هێزێکی‌ زۆری‌ رەوانەی‌ پارێزگای‌ دیالە کردووە و دەیەوێت لەو رێگەیەوە لە بەغدای پایتەخت نزیک بێتەوە.

شێرکۆ میروەیس، بەرپرسی‌ مەڵبەندی‌ خانەقین، بە دەنگی‌ ئەمریکای‌ راگەیاند: "دیالە ناوچەیەکی‌ ستراتیژی‌یە و هاوسنورە لەگەڵ ئێران و بەغدای‌ پایتەختیشدا، بۆیە داعش دەیەوێت شەڕبۆ ئەو پارێزگایە بگوێزێتەوە."

شێرکۆ میروەیس ئاشكراشیكردووه‌ كه‌ داعش ژمارەیەکی‌ زۆر چەکداریان بەشێوەی‌ مەفرەزەی‌ بچوک بچوک بڵاوە پێکردووە.

له‌ 22ی ئه‌م مانگه‌، داعش لەپارێزگای‌ دیالە چەندین هێرشی‌ گەورەی‌ ئەنجامدا کە هاوکات بوون لەگەڵ سەردانەکەی‌ وەزیری‌ ناوخۆی‌ عیراق بۆ ناو شاری‌ بەعقوبەی‌ سەنتەری‌ پارێزگاکە، یەکێک لەهێرشەکانیش پەلامار بوو بۆسەر سەربازگەی‌ قەرەقوش لەنزیک ناحیەی‌ مەندەلی‌.

شێرکۆ میروەیس ، پێیوایە ناردنی‌ هێز لەلایەن داعشەوە بۆ دیالە گۆڕینی‌ تاکتیکی‌ شەڕە، بەو پێیەی‌ دەیانەوێت شەڕەکە بۆ نزیکی‌ بەغدا بگوازنەوە و زووتر بگەنە ئامانجەکانیان.

سەبارەت بەژمارەی‌ چەکدارەکانی‌ داعش لەدیالە، بەرپرسه‌كه‌ی‌ مەڵبەندی‌ یەکێتی‌ لەخانەقین وتی‌"نزیکەی‌ 300 بۆ 400 چەکداری‌ داعش بڵاوەیان کردووە و سەرجەمیان لە پارێزگاکانی‌ ئەنبار و تکریت و کەرکوکەوە هاتوون."

لەدوای‌ رووخانی‌ رژێمی‌ بەعسەوە، پارێزگای‌ دیالە یەکێکە لەو پارێزگایانەی‌ کە پێگەی‌ گروپە چەکدارە سوننەکانی‌ تێدا بەهێز بووە و زۆرترین توندوتیژی‌ تاپێش دروستبونی‌ داعش لەو پارێزگایە ئەنجامدراوە. 


PM:05:36:27/05/2017


ئه‌م بابه‌ته 4257 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت