حاكم شێخ له‌تیف: ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم عه‌قڵییه‌تی حوكمڕانییان نییه و پیاوی ده‌وڵه‌تداری نین
حاكم شێخ له‌تیف
وێستگه نیوز - حاكم شێخ له‌تیف دادوه‌ر و مامۆستای زانستی یاسای ده‌ستوریی رایده‌گه‌یه‌نێت كه ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان به هیچ شێوه‌یه‌ك عه‌قڵییه‌تی حوكمڕانییان نییه و پیاوی ده‌وڵه‌تداری نین.
حاكم شێخ له‌تیف مسته‌فا دادوه‌ر و مامۆستای زانستی یاسای ده‌ستوریی له‌زانكۆی گه‌شه‌پێدان له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا وتی: "من 15 بۆ 20 ساڵه ده‌ڵێم ئه‌مه‌ی ناوتان ناوه ئه‌زمونی هه‌رێمی كوردستان، بناغه‌یه‌كی ئه‌وتۆی نیه و به میزاجی كه‌سی و به بڕیاری چه‌ند كه‌سێك به‌ڕێوه‌ده‌چێت".
وتیشی: "حكومه‌ت؛ په‌رله‌مانی داخستووه، كه له هه‌موو دنیادا شتی وا نییه، له‌كاتێكدا حكومه‌ت ره‌وایه‌تی له په‌رله‌مانه‌وه وه‌رده‌گرێت".
حاكم شێخ له‌تیف ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه "حكومه‌تی هه‌رێم شه‌رعییه‌تی نه‌ماوه؛ چونكه روپۆشه یاساییه‌كه‌ی كه بریتییه له‌په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر ده‌ستی حكومه‌ت په‌كخراوه".
سه‌باره‌ت به دادگا‌و سه‌روه‌ری یاساش حاكم شێخ له‌تیف پێیوایه "به‌داخه‌وه له‌كوردستاندا دادگاكانمان به‌شێوه‌یه‌كی شكڵین، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی و دادگاكانیش سه‌روه‌رنین و بڕیاره‌كانیان جێبه‌جێ ناكرێت".
ده‌شڵێت: "تا ئێستا خزمی به‌رپرسێكی سیاسی له‌هه‌ولێر كه له‌سه‌ر فول لایت خه‌ڵكی كوشتووه ده‌ستگیر نه‌كراوه".
هاوكات ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه "نه‌وه‌ده‌كان باشتر بوو له‌ئێستا و ساڵانی دووهه‌زاره‌كان".
سه‌باره‌ت به حوكمڕانی له‌هه‌رێمه‌كه‌دا حاكم له‌تیف رایگه‌یاند كه "ئه‌مانه‌ی كه ئێستا حوكمڕانی ده‌كه‌ن به‌هیچ شێوه‌یه‌ك عه‌قڵییه‌تی حوكمڕانیان نیه. پیاوی ده‌وڵه‌تداری نین".
روونیشیكرده‌وه كه "دوو ده‌ره‌به‌گایه‌تی سیاسیمان هه‌یه، هه‌رێمێك له‌هه‌ولێر حكومڕانی ده‌ره‌به‌گایه‌تییه‌كی سیاسی ده‌كات. له‌سلێمانیش ده‌ره‌به‌گایه‌تییه‌كی سیاسی تر حوكمڕانی ده‌كات. ئه‌م دوو ده‌ره‌به‌گایه‌تییه یان ئه‌م دوو میرنشینه، هه‌ریه‌كه‌یان سه‌ر به وڵاتێكێن. یه‌كێكیان سه‌ر به باڵاده‌ستی توركیایه؛ ئه‌وی دیكه‌ش سه‌ر به ئێرانه".
حاكم شێخ له‌تیف كۆمه‌ڵێك ره‌خنه‌ی جومگه‌یی له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌گرێت و ده‌ڵێت: "له 2013 ه‌وه كاتێك بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌و پێیه‌ی كه گه‌وره‌ترین هێزی ئۆپۆزسیۆن بوو بۆ خه‌ڵك. وه خه‌ڵكیش زیاتر ئومێدیان له‌سه‌ر ئه‌وان هه‌ڵچنی بوو. به‌شداری ده‌سه‌ڵاتی كرد، گۆڕان هه‌ڵه‌یه‌كی ستراتیژی كرد".
راشیگه‌یاند كه "گۆڕان كه له 2009 دا دروستبوو، هه‌موو هێزه ناڕازییه‌كان و ده‌نگه ناڕه‌زاییه‌كانی بۆخۆی هه‌ڵمژی و هه‌روه‌ها دروشم و ناڕه‌زایی خه‌ڵكی به‌رزكرده‌وه و بوو به جێی ئومێدێك. به‌ڵام خه‌ڵك تا سه‌ر چاوه‌ڕوانی گۆڕان ناكات".
PM:09:40:27/05/2017
ئه‌م بابه‌ته 10233
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت