زانای سیاسیی و ستراتیژی‌ ئەمریکی برژینسکی‌ کۆچی دواییکرد

‌زیبیگنیف برژینسکی

وێستگه‌ نیوز ـ
زانای سیاسیی ئەمریکی بەرەگەز پۆڵەندی و شارەزای ستراتیژیی، زیبیگنیف برژینسکی، لە تەمەنی 89 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.


میکا برژنیسکی‌، کچی زیبیگنیف برژینسکی، لە هەژماری تایبەتی خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر هەواڵی کۆچی دوایی باوکی راگەیاندووە.

زیبیگنیف برژینسکی بەرەگەز پۆڵەندی لە ساڵی 1958دا بووە هاوڵاتیی ئەمریکی و لەساڵی 1959دا چووە نیویۆرک و لە زانکۆی کۆڵۆمبیا دەستی بە وانە گوتنەوە کرد. ئەو لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکادا لە ساڵی 1960دا، راوێژکاری کەمپینی بانگەشەی هەڵبژاردنی، جۆن ئێف کەنەدی بوو.

برژینسکی لەساڵی 1975دا بووە راوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، جیمی کارتەر و لەنێوان ساڵانی 1977-1981دا پۆستی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کارتەری وەرگرت. لەساڵی 1981یشدا لەلایەن جیمی کارتەرەوە ''مەدالیای ئازادیی سەرۆکایەتیی'' پێبەخشرا.

ئەو زانا سیاسییە بووە یارمەتیدەری هەڵگرتنی رێگرییە ئابوورییەکانی نێوان هەریەک لە یەکێتیی سۆڤیەت، چین و رۆژئاوا، رەواندنەوەی جیاوازیی نێوان سەرکۆماری ئەوکاتی میسر، ئەنوەر سادات و سەرۆکی ئیسرائیل میناشیم بگین و رۆڵی گەورەی بینی لە بەدیهێنانی رێککەوتننامەی کامپ دەیڤد کە کارتەر میوانداریی کرد.

برژینسکی یەکێکە لەو کەسانەی کە گەورەترین رەخنەی لە سیاسەتەکانی سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، جۆرج دەبلیو بوش گرتووە کە لەدوای هێرشەکانی 11ی ئەیلوولی 2001 بۆ سەر بیناکانی بازرگانیی جیهانی لە شاری نیویۆرک پەیڕەوی کرد و لە ئابی 2007 دا پشتگیری لە کاندیدبوونی باراک ئۆباما بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا دەکرد.

برژینسکی وەک بیرمەندێکی سیاسی کە نوێنەرایەتی "ریالیستەکان" دەکات، ناسراوە و دوای رووخانی یەکێتی سۆڤیەت، باسی لە رۆڵی ئەمریکا دەکرد لە دوای جەنگی سارد.


AM:09:06:28/05/2017


ئه‌م بابه‌ته 2525 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت