قایمقامییەتی سلێمانی: هەر کەسێک نرخ بەرز بکاتەوە سزا دەدرێت

‌هەندێک بازرگان بەدوای هەلێکدا دەگەڕێن بۆ بەرزکرنەوەی نرخ

وێستگه‌ نیوز ـ
گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، هەر کەسێک سەرپێچی بکات لە رووی بەرزکردنەوەی نرخەوە ئەوا سزا دەدرێت.

گۆران قادر، شەوی رابردوو لە پانۆرامای هەواڵەکانی ئێن ئاڕ تیدا وتی: "لیژنەکانمان رۆژانە سەردان و پشکنینەکانی خۆیان لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا بەردەوام دەبن و لەماوەی چەند رۆژی رابردووشدا بە فەرمی هیچ سکاڵایەکمان لەلایەن هاوڵاتیانەوە پێ نەگەیشتووە لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخەوە".

ئاماژەی بەوەش کرد، چاودێریکردنی نرخ و بازاڕ یەکێکە لە ئەرکەکانی لیژنەکانی قایمقامییەتی سلێمانی، لە مانگی رەمەزان و کۆتایی مانگی رەمەزانیشدا هەر سەرپێچییەک کەسێک بیکات جا لە رووی بەرزکردنەوەی نرخەوە بێت یان لایەنی تەندروستی کەلوپەلەکان، ئەوا بەپێی پێویست سزا دەدرێت.

ناوبراو وتیشی، ئەوان 18 لیژنەیان هەیە لە قایمقامییەتی سلێمانی کە لەلایەن لیژنەیەکی باڵاوە سەرپەرشتی دەکرێت، داواشی لە هاوڵاتیان کرد کە لەکاتی بینینی هەر سەرپێچییەکەدا لە رێگەی ژمارە 100وە یان سەردانی دیوانیان بکەن بەرامبەر باخی گشتی بۆ ئاگادارکردنەوەیان.

سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی راشیگەیاند، لەماوەی پێنج مانگی رابردوودا نزیکەی 200 تەن کەلوپەلی بەسەرچوویان لەناوبردووە.

ساڵانە و لەگەڵ هاتنەوەی مانگی رەمەزان و جەژندا، هاوڵاتیان گلەیی ئەوەیان هەیە کە فرۆشیاران و بازرگانان نرخی شتومەکەکانیان بەرزدەکەنەوە و ئەوەش بارگرانی لەسەر هاوڵاتیان دروستدەکات.


PM:12:41:28/05/2017


ئه‌م بابه‌ته 4424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت