په‌یامنێره‌كه‌ی ئێن ئاڕ تی حه‌وت رۆژه‌ له‌ زیندانه‌

‌ئارام بەختیار.. پەیامنێرەکەی ئێن ئاڕ تی

وێستگه‌ نیوز ـ
دادگای‌ کەلار داوای‌ بە کەفالەت ئازادکردنی‌ ئارام بەختیار پەیامنێری‌ ئێن ئاڕ تی رەتکردەوە، كه‌ ماوه‌ی حه‌وت رۆژه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌.


دانا ئەحمەد، پارێزەری کەیسی ئارام بەختیار، بە ئێن ئاڕ تی وت، داوایان لە دادگای لێکۆڵینەوەی کەلار کردووە کە بە کەفالەت ئارام بەختیار ئازاد بکات، بەڵام لە وەڵامدا وتوویانە کە هێشتا لێکۆلێنەوە لە کەیسەکەیدا ماوە و لە ئێستادا قابیلی بە کەفالەت ئازادکردن نییە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی ماددەی 9ی یاسای ژماره‌ 35ی 2007ی رۆژنامەگەری، ئارام بەختیار کەفالەت دەیگرێتەوە، بەڵام دادوەر یەکێک لە مەرجەکانی تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکەی بەستووەتەوە بە دەستگیرکردنی ئاوات عەلی، بەڕێوەبەری ئێن ئاڕ تییەوە و دەڵێت دەبێت ئەویش دەستگیربکرێت.

هەروەها وتیشی، هەرچەندە بڕیاری دەستبەسەرکردنی ئارام بەختیار تا رۆژی 31ی ئایارە، بەڵام ناوبراو وتەی لێ وەرگیراوە و پەسەندیش کراوە، بە بۆچوونی ئەو ئەگەر ئاوا بەردەوام بێت ئەوا دادوەر ماوەی دەستبەسەرکردنەکەی دوای 31ی مانگ درێژدەکاتەوە.

پێچەوانەی ئەو بڕگانەی کۆنووسەکەی نێوان ئەنجومەنی دادوەری هەرێم و سەندیکای رۆژنامەنووسان ماوەی حەوت رۆژە پەیامنێری ئێن ئاڕ تی (ئارام بەختیار)  لەلایەن دادوەرێکەوە لە گەرمیان راگیراوە و فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ ئاوات عەلی، بەڕێوەبەری ئێن ئاڕ تی دەرچووە.

ئەمەش کاردانەوەی‌ ناوخۆیی‌ و نێودەوڵەتی‌ لێکەوتەوە و رێکخراوە ناوخۆیی‌ و جیهانیەکان داوایان کردووە فشار نەخرێتە سەر میدیای‌ ئازاد و پەیامنێرەکەی‌ ئێن ئاڕ تیش ئازاد بکرێت.


PM:02:11:28/05/2017


ئه‌م بابه‌ته 3701 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو