شاره‌وانی‌ سلێمانی‌ داوای‌ 300 ملیۆن دینار بۆ ئاودانی‌ باخچه‌كان ده‌كات


وێستگه‌ نیوز- پشتیوان جه‌مال 

سه‌رۆكایه‌تی‌ شاره‌وانی‌ سلێمانی‌ داوای له‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ كردووه‌ بڕی‌ 300 ملیۆن دیناریان بۆ دابین بكات بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ڕێگه‌ی‌ تانكه‌ری‌ ئاوه‌وه‌ باخچه‌ و پارك و بلواره‌كان ئاو بده‌ن.  

كامه‌ران حه‌مه‌ساڵح، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ باخچه‌كانی‌ سلێمانی‌ به‌ وێستگه‌ نیوز-ی‌ راگه‌یاند، له‌ڕێگه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ شاره‌وانییه‌وه‌ نووسراویان بۆ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ كردووه‌ بۆ دابینكردنی‌ نزیكه‌ی‌ 300 ملیۆن دینار و وتی‌ "ئه‌و پاره‌یه‌مان بۆ به‌كرێگرتنی‌ تانكه‌ری‌ ئاو پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ هاوینی‌ ئه‌مساڵدا باخچه‌ و پارك و بلواره‌كاتی‌ سلێمانی‌ پێ ئاو بده‌ین، ره‌زامه‌ندی‌ وه‌زاره‌تی‌ شاره‌وانیشمان هه‌یه‌، به‌ڵام تائێستا دارایی‌ وه‌ڵامیان نه‌داوینه‌ته‌وه‌".  

كامه‌ران حه‌مه‌ساڵح وتیشی‌ "ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ وه‌رزی‌ هاوینه‌ كه‌ كاتی‌ ئاودانی‌ باخچه‌كانه‌ و ده‌بێت له‌ مانگی‌ داهاتووه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ین، چونكه‌ ساڵی‌ رابردوو له‌ مانگی‌ یانزه‌دا ره‌زامه‌ندییان نیشاندا كه‌ ئه‌و كاته‌ش تانكه‌رمان ناوێت و رووبه‌ڕووی‌ گرفتی‌ گه‌وره‌ بووینه‌وه‌".  

به‌پێی‌ ئاماری‌ باخچه‌كانی‌ سلێمانی‌ كه‌ دراوه‌ته‌ وێستگه‌ نیوز، 536 باخچه‌ و 385 بلوار له‌ سنوری‌ شاره‌وانی‌ سلێمانی‌ هه‌یه‌ كه‌ یه‌ك ملیۆن و 500 هه‌زار داریان له‌خۆگرتووه‌، ئاودانی 70%ی ئه‌و باخچانه‌ش پشت به‌ تانكه‌ر ده‌به‌ستێت. 


PM:03:34:28/05/2017


ئه‌م بابه‌ته 4377 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت