بەریتانیا.. کەسێکی‌ تر بە گومانی‌ تێوەگلان لە هێرشەکەی‌ مانچستەر دەستگیرکرا


وێستگه‌ نیوز ـ
پۆلیسی بەریتانیا رایگەیاندووە، کەسێکی‌ تەمەن 19 ساڵ بە گومانی‌ بوونی‌ پەیوەندی‌ بە هێرشەکەی‌ مانچستەرەوە دەستگیرکراوە و بەمەش دەبێتـە 15 کەس کە بەو هۆیەوە تا ئێستا دەستگیرکراون.


پۆلیسی بەریتانیا ئەمڕۆ دووشەممە 29ی ئایاری 2017، ئەوەشی راگەیاندووە، ئەو کەسە لە ناوچەی‌ جۆرتون لە مانچستەر دەستگیرکراوە و چەند بەڵگەیەک لە بەردەستا هەبوون.

ئەمەش لە دوای‌ ئەوە دێت، شەوی 22ی ئایاری 2017، تەقینەوەیەک لە کۆنسێرتێکدا لە مانچستەر روویدا کە بۆ ئاریانا گراند گۆرانیبێژی ئەمریکی سازکرابوو، لە ئاکامدا 22 کەس کوژران و 64ی دیکەش برینداربوون، کە منداڵیشیان تێدایە.

هاوکات تێرێزا مەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند ئاستی "هەڕەشەی تیرۆر" نزمکرایەوە بۆ سێهەم ئاست کە مانای ئەوەیە ئەگەری هێرشێك بۆ سەر بەریتانیا زۆر بەرزە بەڵام حەتمی نیە، ئەمەش دوای کۆبوونەوەیەکی کتوپڕی دیکەی حکومەت هات.

ئەمەش دوای ئەوە دێت لەدوای هێرشەکەی مانچێستەر ئاستی هەڕەشە بەرزکرایەوە بۆ بەرزترین ئاست و هێزی سەربازی لەسەر شەقامەکانی بەریتانیا بڵاوکرانەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکی هاوشێوە.

ئەم بڕیارەی حکومەت پشتی بەو زانیاریانە بەستبوو کە هێڕشبەرەکەی مانچێستەر بە تەنها کارەکەی ئەنجام نەداوە و ئەگەرێکی زۆر هەیە هێرشی تر ئەنجام بدرێت، بەڵام دوای لێکۆڵینەوەکان 11 کەس دەستگیران و چەند کەسێکیان بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرش تۆمەتبارکراون.

بڕیاریشە رۆژی دوو شەممەی داهاتوو، هێزە سەربازیەکان شەقامەکانی بەریتانیا جێبهێڵن و پۆلیس جێگەیان بگرنەوە.

هێرشەکەی سەر هۆڵێكی کۆنسێرت لە شاری مانچێستەر خوێناویترین هێرشە بۆسەر بەریتانیا لە دوای تەقینەوەکانی ساڵی 2005ەوە.


AM:08:40:29/05/2017


ئه‌م بابه‌ته 1501 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت