"سێ ملیۆن و 500 هەزار کەس مافی‌ دەنگدانیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی‌ داهاتوو"


وێستگه‌ نیوز ـ
کۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هەڵبژاردن و راپرسی‌ رایگەیاند، تا ئێستا پارە بۆ راپرسی‌ تەرخاننەکراوە و ئەو بڕەی‌ کە بۆیان تەرخانکراوە تەنیا بۆ هەڵبژاردنەکانی‌ پەرلەمان و سەرۆکی‌ هەرێمە.

ئەمرۆ دووشەممە 29ی ئایاری 2017، شێروان زراری‌، وتەبێژی‌ کۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هەڵبژاردن و راپرسی‌ لە کۆنگرەیەکی‌ رۆژنامەنوسیدا وتی‌: "لەکۆبوونەوەکەی‌ ئەمڕۆدا لایەنە سیاسییەکان نوێنەری‌ خۆیان دیاریکردووە، گفتوگۆ و بیروڕامان گۆڕیوە لەبارەی‌ هەڵبژاردنەکانی‌ داهاتووی‌ هەرێمەوە".

هەروەها وتیشی‌: "تا ئێستا بڕی‌ 22 ملیار دینار تەرخانکراوە بۆ هەردوو هەڵبژاردنەکانی‌ پەرلەمان و سەرۆکی‌ هەرێم، چاوەڕێ دەکەین لە زووترن کاتدا پارەکە بخرێتە سەر ژمارە حسابی‌ کۆمسیۆن بۆ ئەوەی‌ بتوانین بەکاری‌ بهێنین".

زراری‌ ئەوەشی‌ وت: "تا ئێستا ئەو بڕە پارەیەی‌ کە دیاریکراوە تەنیا بۆ هەڵبژاردنەکانی‌ پەرلەمان و سەرۆکایەتی‌ هەرێمە و هیچ پارەیەک بۆ راپرسی‌ تەرخان نەکراوە، دیاریش نییە راپرسی‌ لەگەڵ هەڵبژاردنەکان دەکرێت یان پێش و دوای‌ هەڵبژاردنەکان دەکەوێت".

وتەبێژی‌ کۆمسیۆن ئاماژەی‌ بۆ ئەوەشکرد، ئەوان پابەندن بەپاککردنەوەی‌ تۆماری‌ دەنگدەران و وتی: "دوو هەفتە لەمەوپێش داوامان لە وەزارەتی‌ تەندروستی‌ کردووە ناوی‌ مردووەکانمان بۆ رەوانە بکەن بۆ ئەوەی‌ لای‌ خۆمان بیسڕینەوە".

ناوبراو ئەوەشی‌ وتووە، دەیانەوێت بەشێک لە پرۆسەی‌ هەڵبژاردن بەشێوەی‌ ئەلکترۆنی‌ بێت، بەتایبەتی‌ پرۆسەی‌ هەژماری‌ دەنگدەران هەموو ئەلکترۆنی‌ بێت، بۆ ئەوەی‌ ئەنجامەکە لەماوەیەکی‌ کورتدا رابگەیه‌نن.

سەبارەت ئەنجامدانی‌ هەڵبژاردن لەکاتی‌ خۆیدا، شیروان زراری‌ وتی‌: "وەک کۆمسیۆن ئێمە پابەندین بەهەر هەڵبژاردنێک و راپرسیەکەوە، لە 6-11 وادەی‌ خولی‌ چوارەمی‌ پەرلەمان کۆتایی‌ دێت، دەزانین حکومەتی‌ نیەتی‌ جدی‌ هەیە بۆ ئەنجامدانی‌ هەڵبژاردن، هیوادارین لەکاتی‌ خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت".

لەبارەی‌ لیستی‌ هەڵبژاردنەوە وتەبێژی‌ کۆمسیۆن وتی‌: "تا ئێستا لیستی‌ نیمچەکراوەیە و هیچ حزبێک داوای‌ گۆڕانکاری‌ نەکردووە، یان پرۆژەی‌ پێشکەشی‌ پەرلەمان نەکردووە".

ئەمڕۆ دووشەممە کۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هەڵبژاردنەکان و راپرسی‌ لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی‌ هەرێم به‌ چاودێری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان کۆبوونەوە.


PM:12:58:29/05/2017


ئه‌م بابه‌ته 2109 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو