عەلی قەرەداغی رەتی‌ کردەوە کە ناوی‌ خرابێتە لیستی‌ تیرۆرەوە

‌عەلی قەرەداغی

وێستگه‌ نیوز ـ
عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و رەتی‌ کردووەتەوە کە ناوی‌ خرابێتە لیستی‌ تیرۆرەوە.


نووسینگەی راگەیاندنی عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە، تیایدا هاتووە: "لە چەند رۆژی رابردوودا سایتی ستاندارد ھەواڵێکی بەناوی سەرکردەیەکی دیاری کورد ناوی خراوەتە لیستی تیرۆرەوە، لە ھەواڵەکەدا وای رادەگەیەنێت کە بەھۆی تێکچوونی پەیوەندیەکانی نێوان قەتەرو (عەرەبستانی سعودی و ئیمارات) ئەو دوو ووڵاتە ناوی دکتۆر یوسف قەرزاوی و دکتۆر عەلی قەرەداغیان خستبێتە لیستی تیرۆرەوە".

ئەوەشی تیادا هاتووە:  "کە بەھیچ جۆرێک شتی وا نەبوەو دوورە لە راستیەوە و بڕیارە لە پێنج شەممەی داھاتوشدا بەشداری لە کۆڕبەندێکدا بکەم لە عەرەبستانی سعودیە و بۆ ئەم مەبەستەش سەردانی ئەو وڵاتە دەکەم".

نووسینگەی راگەیاندنی عەلی قەرەداغی، ئەوەشی  نووسیوە: "ئەم ھەواڵەی ستاندارد ھیچ میدیایەکی فەرمی بڵاوی نەکردوه‌تەوە و سەر لەبەری ھەواڵەکەش دروست کراوەو ھیچ سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو باسی نەکردووە کە ھەواڵەکەی لێ وەرگرتبێت، کە بەداخەوە سایتێکی کوردی ھەواڵی لەو جۆرە بەرامبەر بەکەسایەتیەکی ناوداری کوردی وەک عەلی قەرەداغی بڵاو دەکاتەوە لەکاتێکدا ئێستا ئەمینداری گشتی یەکێتی جیھانی زانایانی مسوڵمانەو یەکێکە لە کەسایەتیە خێرخوازو زانستی و ناودارەکانی گەلی کورد، بە ھۆی خزمەتە گەورەکانی بە کوردو ئیسلام چەندان تۆمەتی بێ بنەماو ھاوشێوەیان بۆ دروستکردوە".

ئەمەش لە دوای‌ ئەوە هات، میدیایەکی‌ کوردی‌ کە لە هەواڵەکە ناوی‌ هاتووە هەواڵی ئەوەی‌ بڵاوکردەوە کە ناوی‌ هەر دوو زانا یوسف قەرزاوی و عەلی قەرەداغی خراوەتە لیستی‌ تیرۆرەوە.


PM:01:31:29/05/2017


ئه‌م بابه‌ته 3928 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو