سەعدی پیرە: نابێت هەر لایەنێک دەنگی زیاتر بوو پاشاگەردانی دروستبکات

‌دیمەنێک لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە

وێستگه‌ نیوز ـ
سەعدی پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند، نابێت هەر لایەنێک لە هەر شوێنێک دەنگی زیاتر بوو هەوڵ بدات پاشاگەردانی دروستبکات.


دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ حزبی زەحمەتکێشان لە هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە سەعدی پیرە لە بارەی دەستگیرکردنی کارگێڕەکەیان لە ئامێدی وتی: "ئەگەر دەستگیرکردنی ئەو ئەندامانە بابەتی یاسایی بێت ئەوا ئاساییە، بەڵام ئەگەر دەستگیرکردنیان بەهۆی ئەوەوە بێت کە چالاکی سیاسین، ئەوا حەماقەتێکی سیاسییە".

هەروەها وتیشی: "نابێت هەر لایەنێک لە هەر شوێنێک چوار دەنگی زیاتر بێت هەوڵ بدات پاشاگەردانی دروستبکات".

ناوبراو هێمای بۆ ئەوەش کرد، پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی بەو جۆرە کارانە باری قورستر دەکرێت و ئەگەر بابەتەکە یاسایی بێت ئەوا پێکەوە کۆدەبنەوە و چارەسەری دەکەن.

ئەمەش دوای ئەوە هات هەوار محەمەد، بەرپرسی کۆمیتەی ئامێدی یەکێتی بە ئێن ئاڕ تی وت، کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی ڕابردوو ئاگادارکراوەتەوە کە هۆگر سەلیم، کارگێڕی کۆمیتەی ئامێدی یەکێتی و ئەندامێکی دیکەیان لەلایەن ئاسایشی پارتیەوە دەستبەسەرکراون.

وتیشی: "هۆگر سەلیم و ئەندامەکەی دیکەیان لە نزیک گوندی گوهەرزێ کە دەکەوێتە نێوان ناحیەی دێرەلوک و قەزای ئامێدییەوە لەلایەن ژمارەیەک ئەندامی‌ ئاسایشی‌ پارتییەوە کە ئۆتۆمبێلێکیان پێبووە دەستبەسەرکراون بەبێ ئەوەی بزانن هۆکاری دەستبەسەرکردنەکەیان چیە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، کارگێڕی کۆمیتەکەیان لەلایەن ئاسایشەوە کەلەپچە کراوە و بە ئۆتۆمبێلێک بەرەو شوێنێکی نادیار براوە و نازانن چی‌ بەسەرهاتووە.

هاوکات ئەو ئەندامەی دیکەیان کە لەگەڵ کارگێڕەکەدا دەستیگرابوو بە ئێن ئاڕ تی وت، دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەیان کردووە لەگەڵیدا لە ئاسایشی ئامێدی، ئازادکراوە.

بەرپرسی کۆمیتەی ئامێدی یەکێتی، پاراستنی گیانی کارگێڕی کۆمیتەکەیانی‌ خستە ئەستۆی ئاسایشی پارتی و وتیشی‌: "پێویستە بەزووترین کات ئازاد بکرێت".

لەلایەکی دیکەوە خەلیل شاخکی، بەڕێوەبەری ئاسایشی ئامێدی رەتیکردەوە کە کارگێڕەکەی کۆمیتەی یەکێتی لە قەزاکە لەلایەن ئەوانەوە دەستگیرکرابێت، راشیگەیاند ئەو کارگێڕەی یەکێتی لەلایەن ئاسایشی دهۆکەوە و بە بڕیارێکی دادوەری دهۆک دەستگیرکراوە نەک لەلایەن ئاسایشی ئامێدییەوە، بەبێ ئەوەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەی ئاشکرابکات.


PM:01:57:29/05/2017


ئه‌م بابه‌ته 2332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت