كادیرە ئازادكراوه‌كه‌ی یەكێتی: له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌دا هه‌ڕه‌شه‌م لێكرا

‌ هۆگر سەلیم، جێگری لێپرسراوی كۆمیتەی ئامێدی یەكێتی

وێستگه‌ نیوز ـ

كادیرە دەستگیركراوەكەی یەكێتی لەئامێدی رایدەگەیەنێت لەكاتی لێكۆڵینەوەدا لەگەڵی دوو ئەفسەری ئاسایش پێیان راگەیاندوە هیچ كێشەیەكی كەسی نیە، بەڵام كێشەی سیاسیت هەیەو لەئامێدی جموجوڵت هەیەو كاردەكەیت.

هۆگر سەلیم، جێگری لێپرسراوی كۆمیتەی ئامێدی یەكێتی، دوای ئازادبوونی بەكەفالەت، چۆنیەتی دەستگیركردن و لێكۆڵینەوەی ئاسایشی پارتی بۆ  میدیاكانی سه‌ربه‌ یه‌كێـیس نیتشمانی كوردستان دەگێڕێتەوە.

لەبارەی كاتی دەستگیركردنی هۆگر سەلیم وتی: لەماوەی چەند مانگی رابردوودا لەلایەن ئاسایشی ئامێدییەوە چەند جارێك ئاگاداركراومەتەوە كە دەبێت سەردانی ئاسایش بكەم، بەڵام لەبەرئەوەی پۆستێكی حزبیم هەیە، بۆیە بەبێ پرسی لێَپرسراوی سەروخۆم نەچومەتە ئاسایش. 

هۆگر سەلیم وتیشی: كاتژمێر 11:30 خوله‌كی شەوی رابردوو كاتێك لەدێرەلوكەوە دەگەڕامەوە بۆ ئامێدی، مەفرەزەیەكی ئاسایشی پارتی لەڕێگا چاوەڕوانیان دەكردم، لەكاتی گەیشتن، ئەوەیان پێ راگەیاندم كە دەبێت ئۆتۆمبێلەكەم بپشكنن، دوای پشكنینی ئۆتۆمبێلەكە، كە هیچی تێدا نەبوو، وتیان دەبێت لەگەڵمان بێیتە ئاسایش، بەڵام رەتمكردەوە كە بەبێ فەرمانی دادوەر لەگەڵیان بڕۆم، دواتر كەلەبچەیان كردم و ئەو هاوڕێیەشی لەگەڵمدا بوو دەستگیریان كرد، هاوڕێكەمیان بردە ئاسایشی ئامێدی و منیشیان بۆ ئاسایشی دهۆك گواستەوە.

جێگری لێپرسراوی كۆمیتەی ئامێدی یەكێتی راشیگەیاند: ئەمڕۆ لە ئاسایشی دهۆك دوو ئەفسەری ئاسایشی پارتی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كردم و بەڕاشكاوی پێیان راگەیاندم كە كێشەی كەسیت نییە، بەڵام كێشەی سیاسیت هەیەو لەگەڵ كەسایەتی و لایەنەكان پەیوەندی و جموجوڵت هەیە.

وتیشی: لەبەرامبەر وتەكانی ئەو ئەفسەرانەی ئاسایشدا پێمڕاگەیاندن كە لەبەر ئەوەی كادیرێكی حزبیكم و پۆستم هەیە ئەوە ئیشەكەمەو بەردەوام دەبم، بەڵام ئەوان وتیان ئەگەر بەردەوامبیت لەسەری ئەوا بۆ خۆت خراپ دەبێت، لەبەرامبەردا ئەوەم پێڕاگەیاندن ئەگەر تاوانێك یان كارێكی خراپم كردوە ئەوە قبوڵمەو ئامادەم بچمە بەردەم دادگا، بەڵام لەڕووی سیاسیەوە بەردەوامدەبم لەكاری خۆم و چاوەڕێی كەس ناكەم رێگام نیشان بدات، بەڵام دووبارەیان كردەوە كە بۆ خۆت خراپ دەبێت.

هۆگر سەلیم وتیشی كە دوای لێكۆڵینەوە پێیان راگەیاندم كە بەكەفالەت ئازاد دەكرێم، بەڵام دەبێت سبەینێ بچمەوە دادگا، پێمڕاگەیاندن لەبەردەم دادوەر قسەی خۆم دەكەم.

لەبارەی پرسیاری ئەفسەرەكانیش ئاسایشی لەبارەی جموجوڵی سیاسییەوە، هۆگر سەلیم رایگەیاند: لەگەڵ رێكخراوەكانی دهۆك چالاكیم كردوە، لەماوەی رابردوشدا چەند خۆپیشاندانێكم رێكخستبوو، هەروەها پەیوەندیم لەگەڵ كەسە بێلایەنەكان زۆر باشە، كۆمیتەكەشمان لەئێستادا لەوپەڕی بەهێزیدایەو لەم ماوەیەشدا ژمارەی ئەنداممان زیادیكردوە، ئەوەش وایكردوە ئەوان بەردەوام چاودێریمان بكەن.


PM:07:09:29/05/2017


ئه‌م بابه‌ته 5069 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت