به‌رپرسی لقی 18ی پارتی: له‌ خه‌ڵكم بیستووه‌ كادرێكی یه‌كێتی ده‌ستگیركراوه‌


وێستگه‌ نیوزـ

بەرپرسی لقی 18ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئامێدی ھەموو ئەو لێدوانانەی دەزگاکانی راگەیاندنی رەتکردەوە، کە باس لەوە دەکەن ئاسایشی پارتی لە ئامێدی کادیرێکی یەکێتی دەستگیر کردووە و دەڵێت: ''من بەرپرسی پارتیم، لە خەڵکم بیستووە کادیرێکی یەکێتی دەستگیر کراوە.''

عومەر ئورەیی، بەرپرسی لقی 18ی پارتی لە ئامێدی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ''دەستگیرکردنی کارگێڕی کۆمیتەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە قەزای ئامێدی بە ھیچ شێوەیەک پەیوەندیی بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە نییە و من خۆم بەرپرسی یەکەمی پارتیم لە ناوچەکە، لە خەڵکم بیستووە گوایە کادیرێکی  برادەرانی یەکێتی دەستگیر کراوە."

ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان وتویه‌تی: "دوای ئەوەش، ئێمە چ کێشەیەکمان لەگەڵ کادیرێکی یەکێتی دەبێت و ھەیە، تا دەستگیری بکەین؟''

ئورەیی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، كه‌ دوای گەیشتنی زانیاری دەربارەی دەستگیرکردنی کادیرەکەی یەکێتی، پەیوەندیی بە قایمقام و بەڕێوەبەری ئاسایشی ئامێدییەوە کردووه‌ و پێیان ڕاگەیاندووه‌، ''دادوەر لە شاری دھۆک فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەو کادیرەی یەکێتی ناردووە و ئێمەش دەستگیرمان کردووە، بەڵام وەک ھاوڵاتی، نەک وەکو کادیر."

 ئه‌و به‌رپرسه‌ له‌زاری قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی ئامیدێ ئاشكراشیكردووه‌ كه‌ "ھەر کاتێک دادگا کارەکەی تەواو کرد، بەپێی یاسا و ئەو فەرمانەی بۆی دەرکراوە، مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.''


PM:08:00:29/05/2017


ئه‌م بابه‌ته 4484 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت