بۆ دووه‌مجار ئازادكردنی په‌یامنێره‌كه‌ی ئێن ئاڕ تی به‌ كه‌فه‌له‌ت ره‌تكرایه‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ 

لە هەشتەم رۆژی دەستبەسەرکردنی پەیامنێرەکەی ئێن ئاڕ تی لە کفری، چەندین ڕۆژنامەنووس و چالاکی کۆمەڵی مەدەنی لە بەردەم دادگای لێکۆڵینەوەی کەلار گردبوونەوەو داوایان کرد ئارام بەختیار دەستبەجێ ئازاد بکرێت، چونکە ئەوەی لەم کەیسەدا دەبینرێ پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا و رێوشوێنەکانی دادگاییکردنە.

بەشداربووانی ئەم گردبوونەوەیە تەنیا لە کەلار و ناوچەکانی تری گەرمیانەوە نەهاتبوون، بەڵکو بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی کۆمەڵی مەدەنی لە شارەکانی ترەوە هاتبوون بۆ کەلار، تا لە نزیکەوە ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە بڕیارەکانی دادگا دەرببڕن لە ئاست دۆسێکەی ئارام بەختیاردا.

بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان تا کاتی تەواو بوونی دەوام لە چاوەڕوانی بڕیاری دادگا و ئازادکردنی ئارام بەختیاردا مانەوە، بەڵام لە کۆتاییدا نوێنەری سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و پارێزەرەکەی لە دادگا هاتنە دەرەوە و رایانگەیاند جارێکی تر دادوەر داواکاری ئەوانی ڕەتکردووەوەتەوە بۆ ئازادکردنی ئارام بەختیار.

بێجگە لە سەندیکای رۆژنامەنووسان و سەنتەری میترۆ و دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و بەشێک لە چالاکانی کۆمەڵی مەدەنی، کاردانەوە دژی دەستبەسەرکردنی ئارام بەختیار لەلایەن دادگای کەلارەوە هەروا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بەردەوامە.

رۆژنامەنووسێک لە فەیسبووک نووسیویەتی: "راگرتنی ئارام بەختیار لە نێو زیندانی گەرمیان بە بیانووی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا، جگە لە پێشێلکردنی خودی یاسای کاری رۆژنامەوانی، بەکارهێنانی دەسەڵاتە گشتییەکانیشە بۆ تۆڵەکردنەوە لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی و خودی رۆژنامەوان بە ئامانجی سەرکوتکاری و ترساندنی دەزگا راگەیاندنەکان بۆ رووماڵ نەکردنی بڕیارەکانی دادگا لە کوردستان".

دادگاى کەلار ئەمڕۆش داواى بە کەفالەت ئازادکردنى ئارام بەختیارى رەتکردەوە ژمارەیەک رۆژنامەنوس و چالاکى مەدەنیش لەبەردەم دادگا گردبوونەوە

Posted by NRT on Monday, May 29, 2017


PM:08:38:29/05/2017


ئه‌م بابه‌ته 3025 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو