ئاراستەیەکى گۆڕان چاویان لەسەر هێنانەوە پێشەوەى چیا و نمایە

‌چیاو نما پشوویەکى کورت دواى پرسەیەکى درێژ: فۆتۆ بڕیار نامیق


وێستگە نیوز- 
بزوتنەوەى گۆڕان، بەنیازە تا کۆنگرەى داهاتوو رێکخەر دیاری نەکات و بەهەمان شێوەى دوو ساڵى ڕابردوو کاربکات کە نەوشیروان مستەفا لە لەندەن سەرگەرمى چارەسەرى پزیشکى بوو. هەروەها ئاراستەیەکى بزوتنەوەکەش چاویان لەهێنانەوە پێشەوەى چیاو نماى کورى ڕێکخەرە کۆچکردووەکەیانە.

کوێستان محەمەد، ئەندامى جڤاتى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان، بە چاپى ئەمرۆ سێشەممەى ڕۆژنامەى ئاوێنەى ڕاگەیاندووە "دەرکەوتنى چیاو نما پەیوەستە بەکۆچى دوایى باوکیانەوە" هەروەها جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە چیاو نما دوو گەنجى خوێندەوارن ئاگایان لەپرسەکان هەبووە بەبۆنەى باوکیانەوە.
کوێستان محمەد دەڵێت: هەردوو کیان خاکین و دوو گەنجى زۆر خۆشەویستن لەناو کادرو هەڵسوراوانى بزوتنەوەى گۆڕان، کۆمەڵایەتی بوونیان وای کردووە کە خۆشەویست بن لەناو هاوڵاتیانیشدا.

هەروەها ناوبراو هیواى ئەوەش دەخوازێت کە هەردوو کوڕەکەى نەوشیروان مستەفا کارى سیاسى بکەن و بێنە پێشەوە بەو پێیەى دوو گەنجن بەتەواوى پێگەیشتوون بۆ کارى سیاسى ، هەروەها وتى"من وەکو خۆم هیوادارم و تەمەننا دەکەم رێبازەکەى باوکیان تەواو بکەن، ڕەنگە کارى زۆر باشیان بۆ گۆڕان پێبکرێت، چونکە من لەنزیکەوە هەردوکیان دەناسم دوو کەسى تەواو پێگەیشتوون لەهەموو ڕووەکانەوە".

رۆژنامەکە بڵاویکردۆتەوە، کە چیاو نما ئێستا وەکو دەرکەوتەیەکى نوێ دەبینرێن، لەناو بزوتنەوەى گۆڕاندا، چیا نەوشیروان مستەفا ساڵى 1984 لەدایکبووەو لەزانکۆى هارڤارد بەشى ئابورى تەواو کردووە.

بەپێى ڕۆژنامەى ئاوێنە، تەوژمێکى ناو بزوتنەوەى گۆڕان باسى ئەوە دەکەن پێویستە چیاو نما لەئایندەى بزوتنەوەکەدا ڕۆلیان هەبێت هەر لەئێستاشەوە ئاماژەکانى ئەوە دەرکەوتون و کەبەشدارى پرۆسەى سیاسى بکەن، بەو پێیەى نماو چیا بەڵێنیان بەتۆڕى میدیاى گۆڕان داوە هاریکارییان بکەن و باسى ئایندەى بزوتنەوەى گۆڕانیشیان کردووە.

ئاوێنە، بڵاویکردۆتەوە کە تەنانەت لەکاتى پێشوازیکردن لەچەند منداڵێک بۆ سەر گڵکۆى نەوشیروان مستەفا چیا بەروونى بەناوى خۆیەوە ئەوەى ووت"باوکى چاوى لەئایندەى نەوەى نوێ بوە بۆیە شتێک دەکەن کە ئایندەى نەوەى نوێ پارێزراو بێت".

هاوکات لەگەل ئەو زانیارییانەدا گۆڕان بەو پێکهاتەیەى ئێستا دەمێنێتەوە تا کۆنگرەى داهاتووى بزوتنەوەکە رێکخەرى گشتى دیارى ناکات، هەروەها کۆکن لەسەر ئەوەى کە دوو ساڵى ڕابردوو لەگەڵ دورى نەوشیروان مستەفادا بزوتنەوەکە چۆن ئیدارە کراوە هەر وا بمێنێتەوە تا کۆنگرە.
دکتۆر محمەد عەلى رێکخەرى ژورى توێژینەوەى سیاسى بزوتنەوەى گۆڕان لەوبارەیەوە ڕایگەیاند لەدواى کۆچى دوایى نەوشیروان مستەفاوە پەلە لەپرسى دانانى رێکخەرى گشتى ناکەن "دورکەوتنەوەى کاک نەوشیروان ئەزمونێکى بۆ ئێمە دروستکرد، ئیدارەدانى گۆڕان زۆر زۆر قورس نییە، چونکە گۆڕان حزبى کۆمپانیاو چەک و بەرژەوەندى نەوت نییە".


AM:11:57:30/05/2017


ئه‌م بابه‌ته 26089 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو