به‌ ڤیدیۆ.. چركه‌ساتی ته‌قاندنه‌وه‌ی مزگه‌وتی نووری له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌

‌مزگەوتی نووری دوای تەقاندنەوەی لە لایەن داعشەوە

وێستگه‌ نیوز ـ
دوێنێ چەکدارانی داعش لە رۆژئاوای موسڵ، مزگەوتی نوری و منارەی حەدبایان تەقاندەوە کە مێژووەکەی بۆ 800 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.


دوای ئەوەی ساڵی 2014 ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی داعش لە مزگەوتی نوری خەلافەتەکەی راگەیاند، دوێنێ داعش مزگەوتەکەی بۆمڕێژکرد و تەقاندییەوە کە مێژووەکەی بۆ 800 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

لەبارەی تەقاندنەوەی منارەی حەدبا و مزگەوتی نوری، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عیراق لەسەر زاری عەبادییەوە رایگەیاند، داعش بە تەقاندنەوەی منارەی حەدبا و مزگەوتی نوری شکستی خۆی راگەیاند.

ئەو هەنگاوەی داعش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ عەبدولغەنی ئەسەدی فەرماندەی دژە تیرۆری عیراق رایگەیاند "هێزەکانمان لە گەڕەکی کۆنی موسڵ لە پێشڕەویدان، بەشێوەیەک ئێستا تەنها 200 مەتر دوورن لە مزگەوتی گەورەی نوری کە ئەبوبەکر بەغدادی خەلافەتەکەی تیا دامەزراند، و لەئێستادا پلانی تایبەتمان هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی، یان راستەوخۆ هێرش دەکەینە سەری یاخود شێوازێکی نوێی لەبەرامبەر بەکاردەهێنین".

ئەسەدی وتی "چەکدارانی داعش هەرەسیان هێناوە و لەئێستاشدا خێزانەکان بە چڕوپڕتر لە رۆژانی رابردوو ناوچەکە چۆڵ دەکەن، ئەوەش ئاماژەیە بۆئەوەی داعش ناوچە نزیکەکانی جێهێشتووە و توانای بەرگری نەماوە لەبەردەم هێزەکانماندا بەڵام ئێمە بە دوایانەوە دەبین تا دوا بستی ناوچەکەیان لەدەست کۆنترۆڵدەکەینەوە".

گەڕەکی کۆنی موسڵ لە ناوەڕاستی بەری راستی موسڵدایە و مزگەوتی گەورەی نوریش لەو ناوچەیەیە، کە ماوەی دوو مانگ زیاترە هێزەکانی سوپا و دژە تیرۆری عدراق لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنیدان.

مزگەوتی نووری لە شاری موسڵ كە تەمەنی هەشت سەدەیە و ئەبوبەكر بەغدادی لە حوزەیرانی 2014دا خەلافەتەكەی تیادا راگەیاند، كاتی خۆی له‌ لایه‌ن عیماده‌دین زه‌نگییه‌وه‌ دروستكراوه‌.

سەركردەكانی داعش كاتی خۆی مزگەوتی نوورییان بۆ ئه‌وه‌ هەڵبژارد كه‌ خەلافەتی تیادا رابگەیەنن تا زۆرترین شوێن له‌ ده‌ستیاندا بێت، نوورەدین زەنگی كە مزگەوتەكەی بەناوكراوە، لە ساڵی 1172دا و ماوەیەكی كورت بەر لە مردنی، فەرمانی دروستكردنی مزگەوتەكەی دابوو.

نوورەدین خۆی لە جەنگی نێوان موسوڵمانان و مەسیحییەكاندا بەشدار بووە و لەو كاتەدا توانیبووی ناوچەیەك كە سووریا و عیراقی ئەمڕۆ پێكدەهێنێت، داببڕێ. لای زۆربەی سەركردەكانی قاعیدەی عیراق و سووریا و داعش ئەو قۆناغە سەردەمی زێڕینی دەسەڵاتی ئیسلام بووە.


AM:09:08:22/06/2017


ئه‌م بابه‌ته 9838 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت