ئازاد جوندیانی: قوتابخانەی سلێمانی کە بە دژایەتی قوتابخانەی بارزانی دەناسرێت لەناو دەچێت
ئازاد جوندیانی
وێستگه نیوز ـ
ئازاد جوندیانی ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕایگەیاند، داواکردنی کاراکردنەوەی پەرلەمان پێش سەربەخۆیی کات بە فیڕۆدانە و پێویست ناکات کات لە هەندێک شتدا خەرجبکرێت، دهشڵێت، قوتابخانەی سلێمانی کە بە دژایەتی قوتابخانەی بارزانی دەناسرێت لە پەلەقاژێیدایە و لەناو دەچێت.
ئازاد جوندیانی، لە کۆڕێکی ئەنیستیتوتی توێژینەوە و گەشەپێدان (IRDK) رایگەیاند: "زۆر وڵات هەبووە یەک دامەزراوەی شەرعی نەبووە و سەربەخۆیی راگەیاندووە و ئێستاش ئەوەی گۆڕان و کۆمەڵ داوای دەکەن کات بە فیڕۆدانە".
لە کۆڕەکەدا جوندیانی باسی وێستگەكانی دابڕان و پێکگەیشتنەوەی سیاسی لە مێژووی نوێی كوردستاندا کرد و رایگەیاند "ئێستا قوتابخانەی سلێمانی کە بە دژایەتی قوتابخانەی بارزانی دەناسرێت لە پەلەقاژێیدایە و لەناو دەچێت".
ئەو ئەندامەی پێشوی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕاشیگەیاند "لەدوای چلەی ماتەمینی نەوشیروان مستەفاوە ئەگەری زۆرە کە گۆڕان ناکۆکی تێبکەوێت و لەوە مەترسیدارتر کێشەکان لەسەر شەقام یەکلایی دەبنەوە".
وتیشی: "ئەوەی لە ئێستا لە سلێمانی ڕوودەدات بە تەواوی فەوزاکانییەوە پەلەقاژێی قوتابخانەی سلێمانییە، کە گۆڕان و نەوشیروان مستەفا هۆکاری کەوتنی بوون".
ئازاد جوندیانی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد "لە ئێستادا دوو قوتابخانە لە ئەزموونی کوردایەتیدا زیاتر دیارن کە قوتابخانەی بارزانی و ئیمراڵی عەبدوڵا ئۆجەلانە".
قسەکانی ئازاد جوندیانی لە میانەی کۆڕێکی ئەنیستیتوتی توێژینەوە و گەشەپێدان (IRDK) بوو لە شاری هەولێر.
PM:04:13:23/06/2017
ئهم بابهته 22454
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت