نوێترین زانیاری له‌سه‌ر ئۆپراسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ

‌هێزە عیراقییەکان لە ئۆپراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵدا

وێستگه‌ نیوز ـ
دوای تێپەڕبوونی هەشت مانگ بەسەر دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵدا، کۆنترۆڵکردنی‌ شارەکە لە کۆتایی‌ نزیکبووەتەوە و چەکدارانی‌ داعش تەنیا کەمتر لە دوو کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لەژێردەستدا ماوە.

بە وتەی‌ بەرپرسانی سەربازی عيراق شەڕوپێکادانەکان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی‌ دوا ناوچەکانی ژێر دەستی داعش لە موسڵ بەردەوامە و لەگەڵ ئەوەشدا مەترسی لەسەر چارەنوسی سەد هەزار هاوڵاتی مەدەنی گەمارۆ دراو لە لایەن داعشەوە لەزیادبووندایە.

هێزە عيراقیەکان لە سێ میحوەری جیاوازەوە هێرشەکانیان بۆ سەر چەکدارانی داعش لە ناوچەی‌ موسڵی کۆن چڕکردووەتەوە، لە میحوەری رۆژئاواوە ناوچەی موشاهەدە رەئس جادەیان کۆنترۆلکردووەتەوە و لە میحوەری باشوریشەوە بابل کش و باب بەیزیان کۆنترۆڵکردووەتەوە.

هاوکات عەبدولئەمیر یارەڵا فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی نەینەوا ڕایگەیاند، هێزەکانی دژە تیرۆر لە پێشڕەویدان و گەڕەکی فاروقی یەکیان لە رۆژئاوای موسڵ کۆنترۆڵکردووەتەوە.

پێشڕەوی هێزە عيراقییەکان لەلایەن داعشەوە بێ وەڵام نەبووە و بە وتەی‌ فەرماندەی‌ ئۆپراسیۆنەکانی‌ نەینەوا، چەکدارانی داعش هێرشیانکردووەتە سەر گەڕەکی تەنەک و بازاڕی معاشی لە رۆژئاوای‌ موسڵ و ژمارەیەک ئوتۆمبێلی هاوڵاتیانیان سوتاندووە، دواتر هێرشەکە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە تێکشکێندراوە.

لەلایەکی دیکەوە،  بەرپرسانی سەربازی عيراق باسیان لەوەکرد، راگەیاندنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسل بەتەواوی پەیوەستە بەکاتەوە چونکە چەکدارانی داعش لە دارمانی تەواوەتیدان ئەوەش دوای ئەوەی لەسەدا هەشتای توانای بەرگری کردنیان لە دەستداوە.

بەوتەی‌ ئەو بەرپرسانە لە ئێستادا نزیکەی 350 چەکداری داعش لە ناوچە جیاوازەکانی موسڵدا ماونەتەوە و گەمارۆدراون.

بەشێک لە چالاکانی مەدەنی باس لەوەدەکەن، بەهۆی بۆردومانێکی هەڵەوە خێزانێک بەتەواوی لە رۆژئاوای موسڵ کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی خانووەکەیانەوە و بەهەزاران کەسی دیکەش تەنیا دوو بژاردەیان لەبەردەستدا ماوە یان ئەوەیە لە ژێر بۆردومانی فرۆکەکاندا بەبرسێتی و تونیەتی بمێننەوە یاخود سەرکەشی بکەن و بەبەردەم قەناسەکانی داعشدا هەڵبێن.


PM:09:41:26/06/2017


ئه‌م بابه‌ته 5686 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت