شێخ عه‌بدوڵا ئه‌لدلێمی: له‌ دوای‌ داعش شه‌ڕی سوننه‌ و سوننه‌ و شیعه‌ و شیعه‌ رووده‌دات


وێستگه‌ نیوز - ئه‌ندامێكی‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆك هۆزه‌كان له‌ عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ له‌ قۆناغی‌ دوای‌ داعش شه‌ڕی سوننه‌ و سوننه‌ و شیعه‌ و شیعه‌ رووده‌دات.

له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی سوننه‌كاندا له‌ عیراق هۆزه‌ سوننه‌كان هه‌ن كه‌ به‌شێكیان داویانه‌ته‌ پاڵ داعش و به‌شێكیشیان دژی وه‌ستانه‌وه‌، ئه‌مه‌ش هه‌ر ته‌نها له‌ پشتیوانی بۆ حكومه‌ت و سیسته‌می سیاسی عیراقه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتووه‌، به‌ڵكو ڕه‌وشه‌ هۆزگه‌راییه‌كه‌ و پاراستنی ناوچه‌كانیان و پارێزراوی خه‌ڵكه‌كه‌یان سه‌پاندویه‌تیه‌ سه‌ریان.

شێخ عه‌بدوڵا ئه‌لدلێمی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكی عه‌شره‌ته‌كان له‌ عێراق ده‌ڵێت: "راستییه‌ك هه‌یه‌ پێویسته‌ بزانرێت كه‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگی دژی داعشدا و ئازادكردنی ناوچه‌كان نابنه‌ مایه‌ی كۆتاییهاتن به‌ داعش".

وتیشی‌: "گه‌ر داعش هه‌موو عیراقیشی به‌جێهێشت ئه‌وا داعشی تر و له‌ جۆری تر سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و داعشی سیاسی هه‌ن".

شێخ عه‌بدوڵا ئه‌لدلێمی ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "داعش هه‌ن كه‌ ئه‌جێندای وڵاتانی بیانییان پێیه‌ و ئامانج و خواست و به‌رژه‌وه‌ندیشیان له‌ عیراقدا هه‌یه‌".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "له‌ ره‌وشێكی‌ وادا حكومه‌تی عیراق ناتوانێت ده‌ست به‌و شوێنانه‌وه‌ بگرێت كه‌ ئازادی كردوون و هۆیه‌كه‌یشی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌رفراوانی رووبه‌ری عیراق و هێشتاش بیابانی رۆژئاوا كراوه‌یه‌ بۆ وڵاتانی دراوسێ، چونكه‌ تواناكانی سوپای‌ عیراق سنورداره‌".

ئه‌م ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆك هۆزه‌كان له‌ عیراق، هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی دابه‌ش ده‌كات به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا، وه‌ك ده‌ڵێت "به‌شێكی ئه‌م هێزانه‌ی شیعه‌كان ئه‌ركێكی نیشتمانی به‌جێده‌گه‌یه‌نن، به‌ڵام به‌شه‌كه‌ی تریان حه‌شدی شه‌عبی نین و ناوی حه‌شدیان بۆ دانراوه‌ چونكه‌ ئه‌و هێزه‌ ده‌ره‌كییانه‌ هێناونیه‌ته‌ ناو عیراقه‌وه‌ كه‌ ناخوازن عیراق وڵاتێكی پارێزراوی سه‌قامگیر بێت و به‌ ئاشتیانه‌ بژی".

ده‌شڵێت: "هه‌ر وڵاتێك ده‌ستی خراپی له‌ عیراقدا هه‌بێت نمونه‌ی ئه‌و حه‌شدانه‌ی هه‌یه‌، له‌وانه‌ كۆماری ئیسلامی ئێران".

له‌ ساڵی‌ 2014دا داعش وه‌ك هێزێكی‌ سه‌ربازی‌ له‌ عیراق ده‌ركه‌وت و له‌ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر كورتدا توانی‌ ده‌ست به‌سه‌ر ناوچه‌یه‌كی‌ به‌رفراوانی‌ عیراقدا بگرێت، له‌ ئێستاشدا به‌ هه‌وڵی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ عیراق و به‌ پشتیوانی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌و رێكخراوه‌ ته‌واو كه‌مبووه‌ته‌وه‌.

سەرچاوە: voa


AM:09:50:27/06/2017


ئه‌م بابه‌ته 37218 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت