ئه‌مریكا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ به‌شار ئه‌سه‌د ده‌كات

‌كۆشكی‌ سپی‌ ئه‌مریكا

وێستگه‌ نیوز ـ كۆشكی‌ سپی‌ ئه‌مریكا، حكومه‌تی‌ سوریای‌ به‌ پلاندانان بۆ ئه‌نجامدانی‌ هێرشی‌ چه‌كی‌ كیمیایی تۆمه‌تبار كرد و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ له‌ به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی‌ سوریا كرد كه‌ گه‌ر هێرشێكی‌ له‌و جۆره‌ ئه‌نجام بدات، باجێكی‌ قورس ده‌دات.

شۆن سپایسه‌ر وته‌بێژی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌مریكا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی‌: "ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاماده‌كاری‌ رژێمی‌ سوریای‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ هێرشی‌ به‌ چه‌كی‌ كیمیایی تۆمار كردووه‌".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ هێرشێكی‌ له‌وجۆره‌ ده‌بێته‌هۆی‌ كۆمه‌ڵكوژی‌ هاوڵاتیانی‌ مه‌ده‌نی‌ به‌ منداڵانی‌ بێتاوانیشه‌وه‌.

شۆن سپایسه‌ر ئه‌وه‌ی‌ خسته‌ڕوو كه‌ ئاماده‌كارییه‌كان هاوشێوه‌ی‌ ئه‌و ئاماده‌كارییانه‌ن كه‌ رژێمی‌ سوریا به‌ر له‌ هێرشه‌كه‌ی‌ 4ی‌ نیسان ئه‌نجامی‌ دا كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ بۆردوومانكردنی‌ بنكه‌یه‌كی‌ ئاسمانی‌ سوریا به‌ 59 مووشه‌كی‌ كروز وه‌ڵامی‌ دایه‌وه‌.

وته‌بێژی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌مریكا جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی‌ بۆ له‌ناوبردنی‌ رێكخراوی‌ داعش له‌ عیراق و سوریایه‌وه‌ و هۆشداری‌ دا له‌وه‌ی‌ "گه‌ر ئه‌سه‌د هێرشێكی‌ نوێ‌ به‌ چه‌كی‌ كیمیایی ئه‌نجام بدات خۆی‌ و سوپاكه‌ی‌ باجێكی‌ قورس ده‌ده‌ن".

له‌ 7ی‌ نیسانی‌ رابردوودا حكومه‌تی‌ ئه‌مریكا بنكه‌ی‌ ئاسمانی‌ شعه‌یراتی‌ له‌ سوریا بۆردوومان كرد و رایگه‌یاند كه‌ له‌ وه‌ڵامی‌ به‌كارهێنانی‌ غازێكی‌ ژه‌هراوییه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ سوریاوه‌ له‌ شارۆچكه‌ی‌ خان شه‌یخون كه‌ بووه‌هۆی‌ گیان له‌ده‌ستدانی‌ 70 كه‌س.

به‌رپرسانی‌ ئه‌مریكا له‌و كاته‌دا رایانگه‌یاند كه‌ ده‌ستوه‌ردانی‌ وڵاته‌كه‌یان بۆ یه‌ك جاره‌ و ئامانج لێی‌ رێگریكردنه‌ له‌ به‌كارهێنانی‌ چه‌كی‌ كیمیایی له‌ ئاینده‌دا.


AM:11:19:27/06/2017


ئه‌م بابه‌ته 5318 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت