وردەکاری‌ شەڕ و ناکۆکی‌ نێوان چەکدارانی‌ داعش لە حەویجە


وێستگه‌ نیوزـ

بەرپرسانی‌ هەواڵگریی‌ هێزی‌ پێشمەرگە ئاشكرایانكرد لە ناحیەی‌ عەباسی‌ سەربە قەزای‌ حەویجەی‌ رۆژئاوای‌ کەرکوک شەڕ و پێکدادان لەنێوان چەکدارەکانی‌ داعش دا دروستبووە، شەڕەکەش لەنێوان داعشە حەویجەیی‌ و دیالەییەکان دا روویداوە و کوژراو و برینداریان هەیە.

موقەدەم هیمداد عومەر، بەرپرسی‌ هەواڵگری‌ لیوای‌ 2 ی‌ هێزی‌ پێشمەرگە، بە دەنگی‌ ئەمریکای‌ راگەیاند:"ناکۆکی‌ لە حەویجە و دەوروبەری‌ لە نیوان داعشدا دروستبووە، ناکۆکیەکە تەشەنەی‌ کردووە و گەیشتووەتە ئاستی‌ پێکدادان و شەڕە تەقە."

موقەدەم هیمداد ئاماژەی‌ بەوەشکرد كه‌ سەرهەڵدانی‌ کێشەکان چەندین هۆکاری‌ هەیە، لەوانە زیندانەکانی‌ حەویجە کۆمەڵێک زیندانیـیان تێدایە، داعشە بیانیەکان دەیانەوێت بیانکوژن، بەڵام داعشەکانی‌ حەویجە دەیانەوێت بیانهێڵنەوە بۆ کاتی‌ هێرشی‌ حەویجە و وەک قەڵغان بەکاریان بهێنن.

وتیشی‌:"داعشە بیانیەکان دەسەڵاتەکانیان بۆخۆیان قۆرغكردووه‌ و برسێتی‌ و قات و قڕیش زۆرتر بووە، داعشە حەویجەییەکانیش دڵنیان لەوەی‌ لە کاتی‌ هێرشکردنە سەر ناوچه‌كه‌یان حەشدی‌ شەعبی‌ بەشداری‌ دەکات و ناوچەکەیان وێران دەبێت، بۆیە دەیانەوێت ناوچەکەیان لە کاولکاری‌ رزگاربکەن بەڵام پێیان ناکرێت."

بەپێی‌ زانیاری‌ بەرپرسانی‌ کەرکوک، ڕۆژی‌ دووشەمە 26ی حوزه‌یرانی 2017، لە ناحیەی‌ عەباسی‌ سەربە حەویجە شەڕ و پێکدادان لە نێوان چەکدارانی‌ حەویجەیی‌ و چەکدارانی‌ دیالەدا دروستبووە و کوژراو و بریندار لە هەردوولایان هەیە، هۆکاری‌ شەڕەکەش کوژرانی‌ كه‌سێك بووه‌ به‌ناوی رەشید نەجیب ناسراو بە(رەماح) كه‌ بەرپرسی‌ ئەمنی‌ ناحیەی‌ ریاز بووە و لەلایەن چەند چەکدارێکی‌ نەناسراوەوە كوژراوه‌.

چەکدارە دیالەییەکانیان گومانیان هەبووە ئەو بەرپرسە ئەمنیە لەلایەن چەکدارە حەویجەییەکانەوە کوژرابێت، ئەمەش بووەتە هۆی‌ هەڵگیرسانی‌ شەڕ و تیایدا ئەبوحەفسەی‌ بەرپرسی‌ ئەمنی‌ ناحیەی‌ عەباسی‌ و برایەکی‌ کە دادوەری‌ داعش بووە کوژراون.

هاوكات نەقیب زیاد کاکەیی‌، ئەفسەری‌ هەواڵگیری‌ پێشمەرگە، بە دەنگی‌ ئەمریکای‌ راگەیاند"داعش چەکدارێکی‌ بۆمبڕێژ کردووە تا ڕەوانەی‌ سەنگەرەکانی‌ پێشمەرگەی‌ بکات."

وتیشی‌"لە کاتی‌ هەڵگیرسانی‌ شەڕ لەنێو خۆیاندا، خۆکوژەکە خۆی‌ بە چەکدارانی‌ خۆیاندا تەقاندوەتەوە و بووەتە هۆی‌ کوژران و برینداربوونی‌ ژمارەیەكیان."

کوژرانی‌ بەرپرسەکەی‌ داعش کە ناکۆکی‌ لە نێو چەکدارەکانی‌ ئەو رێکخراوەدا دروستکردووە لە کاتێکدایە ناو بەناو بەرپرسانی‌ ئەو رێکخراوە جگە لە بە ئامانجکردنیان لەلایەن فڕۆکە و هێزە عیراقیەکانەوە، بە شێوەی‌ گوماناویش لەلایەن چەکدارانی‌ نەناسراوەوە لە قوڵایی‌ دەسەڵاتی‌ خۆیاندا بە ئامانج دەکرێن.


PM:06:23:27/06/2017


ئه‌م بابه‌ته 35334 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو