بهوێنه..پەیکەری ئەحمەدی خانی له توركیا روخێنرا
وێستگه نیوزـ ئێن ئاڕ تی
قەیومی دانراوی حکومەتی تورکیا لە شاری بازیدی پارێزگای ئاگری لە باکوری کوردستان، پەیکەری ئەحمەدی خانی شاعیر و نووسەری کوردی سەدەی 17ی زایینی، ڕووخاند، ئەوەش دەبێتە هەشتەمین پەیکەر و مۆنۆمێنتی کوردانی باکوری کوردستان کە لە ماوەی ساڵ و نیوی رابردوودا لەلایەن قەیومەکانەوە ڕووخێنراون.
ئاژانسی هەواڵی میدیایی دیجلە بڵاویکردەوە، لە دوای ئەوەی حکومەتی تورکیا هاوسەرۆک شارەوانییەکانی دەبەپەی لەسەر کارەکانیان لابرد و زیندانیکردن، قەیومی لە شوێنەکانیان دانا، یەکێک لەو قەیومانە ئۆڵاش ئاکهانە کە بۆ بەڕێوەبەردنی شارەوانیی بازید لە پارێزگای ئاگریی باکووری کوردستان دانراوە. ئەو قەیومانەش بەشێک لەکارەکانیان روخاندنی هێما و رەمزەکانی کوردە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئۆڵاش ئاکهان، قەیومی دانراوی حکومەتی تورکیا لە شاری بازیدی پارێزگای ئاگری رۆژی 25ی حوزەیرانی 2017، بڕیاریدا پەیکەری ئەحمەدی خانی لە پارکی ئەحمەدی خانی لە شاری بازید بڕوخێنن و لە دوای ئەوەش پەیکەرەکەی ڕووخێنرا.
ژمارەی ئەو پەیکەر و مۆنۆمێتانەی کورد لە باکوری کوردستان کە تائێستا لەلایەن قەیومەکانی حومەتی تورکیاوە روخێنراون گەیشتووەتە 8 پەیکەر و مۆنۆمێنت.
رۆژی 10ی حوزەیرانی 2017، مۆنۆمێتی منداڵێکی کوردی تەمەن 12 ساڵ لەلایەن قەیومی شارەوانیی قۆسەر لە پارێزگای مێردین لابرا، کە بە 13 گولـلەی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا و لەگەڵ باوکیدا لە ساڵی 2004دا و لە پاڵ ئۆتۆمبێلەکەیاندا شەهیدکرابوون.
ئهمه جگهله پهیكهرهكانی پەیکەری لاماسوس لە شاری ئامەد، ئۆرهان دۆغان لە جزیرە، مۆنۆمێنتی ڕۆبۆسکی لە پەیاس، مۆنۆمێنتی مەروانی لە یەنیشەهیر و پەیکەری ئەحمەد عارف لەلایەن قەیومەکانی حکومەتی تورکیاوە ڕووخێنراون، یان لابراون.
ئەحمەدی خانی کێیە؟
ئهحمەد کوڕی ئەلیاس کوڕی ڕۆستەم ناسراو بە ئەحمەدی خانی نووسەر و شاعیری کورد لە ساڵی 1650 لە شاری جۆلەمێرگی باکووری کوردستان (ناوچەی بۆتان) لە دایکبووە و ساڵی 1707 لە دۆغو بایەزیدی پارێزگای ئاگری کۆچی دوایی کردووە و هەر لەوێ بهحاكسپێردراوه و تائێستاش گڵکۆکەی لە بایەزید ماوە.
ئەحمەدی خانی، کە هاوکات وەک فەیلەسوف و گەردونناسیش دەناسرێت، یەکێک لەو کەسانەبووە، کە لە نوسینەکانیدا هەوڵی پێشخستن و فێرکردنی زمانی کوردیی داوە و کاری بۆ یەکگرتوویی کورد کردووە، کە ئەو هەوڵانەش لە کتێبەکانی مەم و زین، نووبەهارا بچووکان و عەقیدەیا ئێمانێ ڕەنگی داوەتەوە.
مەم و زین کە کتێبی شیعرە لە ساڵی 1692ەوە لەلایەن ئەحمەدی خانییەوە نووسراوە، مەم و زین بە شێعر چیرۆکی خۆشەویستیی نێوان مەم و زین دەگێڕێتەوە لەگەڵ ئەو هەوڵانەی بۆ پێشگرتن لە گەیشتنی ئەو خۆشەویستانە بەیەکتری لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی بەکۆوە.
ئەحمەدی خانی لەو کتێبەیدا باسی ئەوە دەکات ئەگەر کورد یەکگرتوو بێت سەر دەکەوێت، بە دروستکردنی کارەکتەری بەکۆش ئەوەی خستووەتەڕوو، کە دژایەتی زیان بە کورد و خۆشەویستان دەگەیەنێت و ئاکامێکی تراژدیی لێدەکەوێتەوە.
کتێبی مەم و زین یەکەمجاریش لە ساڵی 1919دا لە ئهستهنبوڵ لە چاپخانەی مۆدێڕنی ئەمڕۆیدا چاپکراوە.
PM:06:35:27/06/2017
ئهم بابهته 6090
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت