دادوه‌رێكی ئه‌مریكا ناردنه‌وه‌ی عیراقییه‌ تاوانبارەکان راده‌گرێت


وێستگه‌ نیوزـ

دادوەرێکی فیدراڵی ئەمریکا ناردنەوەی سه‌رجه‌م ئەو عیراقیانەی راگرت کە پێشتر تاوانیان لە ئەمریکا ئەنجامداوه‌ و له‌لایه‌ن ئاژانسی پەنابەران و کۆچبەری ئەمریکا بڕیاری ناردنەوەیانی دراوە.

دادوەر مارک گۆڵدسمث لە دادگای رۆژهەڵاتی ولایەتی میشگن بڕیارێكی ده‌ركرد و رایگه‌یاند كه‌ ده‌تواننتا 10 ی مانگی داهاتوو ئەو عیراقییانە لە ئەمریکا بمێنەوە، هەفتەی رابردووش هه‌مان دادوه‌ر بڕیارێـکی هاوشێوەی تەنها بۆ 114 عیراقی ده‌ركرد کە لە ناوچەی دیترۆیتی میشگن دەسـتگیرکرابوون، بەڵام بڕیارەکەی ئه‌مجاره‌ی سه‌رجه‌م عیراقییە تۆمه‌تباره‌كانی سه‌رتاسه‌ری ئەمریکای گرته‌وه‌.

بڕیاره‌كه‌ی دادوەر مارک گۆڵدسمث دوای ئەوە هات کە پارێزەران لە یەکێتی ئازادییە مه‌ده‌نییه‌كان رۆژی شەممەی رابردوو سکاڵایەکیان خستە بەردەم دادگا بۆ ڕاگرتنی ناردنەوەی 85 عیراقی دیکە کە لە ناوچەی دیکەی ئەمریکا دەسـتگیرکراون.

یەکێتییەکە پێی وایه‌ زۆربەی ئەو عیراقییانەی بڕیاری ناردنەوەیان دراوە کرستیانی کلدان و عەرەبی سوننە و کوردن کە رەنگە دوای ناردنه‌وه‌یان دوچاری مەترسی ببنەوە.

داواکاری گشتی فیدراڵی رۆژی دووشەممە 25ی حوزه‌یرانی 2017 ئاشكرایكرد كه‌ هه‌زار و 444 عیراقی بڕیاری ناردنەوەیان دراوە و تائێستا 199 کەسیان دەسـتگیرکراون، وتیشی ئه‌و عیراقییانه‌ تاوانی گەورەیان ئەنجامداوە، لەوانە دەستدرێژی سێکسی و رفاندنی خەڵکی، نوێنەری وەزارەتی دادی ئەمریکاش هیچ لێدوانێکی لەسەر بڕیاری دادگا نەداوه‌.

لە سەرەتای مانگی حوزه‌یرانه‌وه‌ ئاژانسی پەنابەران و کۆچبەری ئەمریکا دەستیکردووە بە پرۆسەیه‌كی دەستگیرکردنی فراوان بۆ ئەو عیراقیانەی پـێشتر تاوانی گەوەرەیان ئەنجامدابوو، ئەمەش بووە جێی ناڕەزایی هاوڕێ و کەسوکاری ئەو عیراقییانە و چەندین گردبوونەوەی ناڕەزاییان سازکرد و داوایان لە رێکخراوە مه‌ده‌نییه‌كان کرد هەوڵ بدەن بۆ ڕێگەگرتن لە ناردنەوەیان.

بەپێی یاساکانی ئەمریکا هەر کپچبەر و پەنابەرێک تاوانی گەورە لەو وڵاتە ئەنجام بدات، ئەوا مافی وەرگرتنی رەگەزنامەی ئەمریکایی لەدەست دەدات و وەک کەسێکی بیانی تیایدا دەمێنێتەوە.


PM:06:50:27/06/2017


ئه‌م بابه‌ته 6590 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت