به‌رپرسێكی ئه‌وقاف داوایه‌ك له موسڵمانان ده‌كات
وێستگه نیوز- پشتیوان جه‌مال
به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی داوا له موسڵمانانی كوردستان و جیهان ده‌كات هاوكاری ئێزیدی و كاكه‌ییه‌كان بكه‌ن له دروستكردنی ئه‌و په‌رستگه‌یانه‌ی له‌لایه‌ن داعشه‌وه له‌ناوبراون.
مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌كان و پێكه‌وه‌ژیانی ئاینی له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی به وێستگه نیوز-ی راگه‌یاند: "دوای پڕۆسه‌ی ئازادكردنی ئه‌و ناوچانه‌ی كه له ژێر چنگی تیرۆرستانی داعش بوون مه‌سیحیه‌كان و ئێزیدیه‌كان و كاكه‌ییه‌كان ده‌یانه‌وێ ئه‌و كه‌نیسه و په‌رسگه و مه‌زاره ئاینییانه‌یان نۆژه‌ن و دروست بكه‌نه‌وه كه تیرۆرستانی داعش ته‌قاندبویانه‌وه یاخود روخاندبوویان و سوكایه‌تیان پێكردبوون".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد به‌هۆی پشتگیری ماددی و مه‌عنه‌وی زۆری مه‌سیحییه‌كانی جیهان پڕۆسه‌ی دروستكردنه‌وه‌ی كه‌نیسه و شوێنه ئاینییه مه‌سیحییه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره مه‌سیحییه‌كان تاڕاده‌یه‌ك به‌باشی به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
نه‌قشبه‌ندی روونیكرده‌وه، ئێزیدییه‌كان و كاكه‌ییه‌كان به‌هۆی ته‌نگژه‌ی دارایی حكومه‌تی هه‌رێم و نه‌بوونی پشتگیری ماددی نێوده‌وڵه‌تی بۆ دروستكردنه‌وه‌ی په‌رستگه و مه‌زاره ئاینیه‌كانیان، ئێستا خۆبه‌خشانه ده‌یانه‌وێت شوێنه ئاینیه‌كانیان له‌باشیك و به‌حزانی و ئه‌و شوێنانه‌ی پێشمه‌رگه ئازادی كردوه‌ته‌وه و ده‌یپارێزێ نۆژه‌ن بكه‌نه‌وه و پرۆسه‌كه ده‌ستی پێكردووه.
به‌رپرسه‌كه‌ی ئه‌وقاف جه‌ختیكرده‌وه، ئێستا له‌هه‌رێمی كوردستان و زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان دروستكردنی شوێنی ئاینی به‌كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك و كاری خۆبه‌خشی و پاره‌به‌خشین له‌لایه‌ن رێكخراو و كه‌سایه‌تییه ئاینیه‌كانه‌وه ده‌بێت.
نه‌قشبه‌ندی ده‌ڵێت "بۆ نیشاندانی ئه‌و راستییه‌ی كه داعش گروپێكی تیرۆرست و داگیركه‌ره و نوێنه‌رایه‌تی ئیسلام ناكات داوا له‌ده‌وڵه‌مه‌ند و رێكخراوه ئیسلامییه‌كانی كوردستان و جیهان ده‌كه‌م هه‌روه‌ك چۆن به‌شداریان له‌دروستكردنی هه‌زاران مزگه‌وت له كوردستان و ناوچه جیاجیاكانی جیهان هاوكاری ماددییان پێشكه‌شكردووه، له دروستكردنه‌وه‌ی مه‌زار و په‌رستگه‌ی ئێزیدی و كاكه‌ییه‌كان به‌شداربن".
وه‌ك ئه‌و به‌رپرسه‌ی ئه‌وقاف روونیكرده‌وه، ده‌توانن ئه‌و پرۆسه‌یه له‌رێگای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری ئێزیدیه‌كان و له‌ژێر چاودێری ئه‌نجومه‌نی روحانی ئێزیدیه‌كاندا ئه‌نجام بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی دوور بێت له‌هه‌ر خراپ به‌كارهێنانێكی حزبی و هه‌رێمایه‌تی.
PM:08:13:27/06/2017
ئه‌م بابه‌ته 6814
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت