وهزیری بهرگریی ئهمریكا: لهوانهیه چهكی زیاتر به یهپهگه بدهین
وێستگه نیوزـ
وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند ڕەنگە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە دوای رزگارکردنی شاری ڕققەش پـێویستیان بە یارمەتی چەک و تەقەمەنی و پـێداویستی سهربازیی زیاتر هەبێت.
جەیمس ماتس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئەمڕۆ سێشەممە 27ی حوزهیرانی 2017، لەو فڕۆکەیەی بەرەو ئەڵمانیای دەبرد سەبارەت بە شەڕی داعش لە سوریا قسەی بۆ ڕۆژنامەوانان کرد و لە بارەی ئەو چەکانەی ئەمریکا بە شهڕڤانانی یەپەگەی داون پرسیاری ئهوهی لێكرا كه ئایا وەریاندەگرنەوە یان نا، ئەویش لە وەڵامدا وتی"چی بتوانین دەیکەین".
ماتس هەرچەندە راستەوخۆ وتهكانی وەزیری بەرگریی تورکیای رەتنەکردەوە کە وتبووی ئەمریکا بەڵێنیداوە لە پاش شەڕی ڕققە چەکەکان لە یەپەگە وەربگرێتەوە، بەڵام وتی دوای تەواوبوونی شەڕی ڕققە، شەڕی دژی داعش کۆتایی نایەت، بۆیە ئهو پرسه لەسەر دۆخەکە دەوەستێت.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لە پـێش مانگی رابردووش کە ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی شاری رققە کرا، یەپەگە چەک و تەقەمەنی باشیان وەرگرتووە.
باسی لەوەش کرد لە کاتی شەڕەکەدا ئەو چەکانەی تێکدەچن وەری دەگرنەوە و پڕچاکیان دەکەنەوە، وتیشی هێزەکانی یەپەگە هەر چەکێکیان نەوێت، ئەوا وەری دەگرنەوە و بۆیان دەگۆڕنەوە بە شتێـکی دیکە کە پـێویستیان پـێی بێت.
له دوو رۆژی رابردوودا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک كۆماری تورکیا وتی ئەمریکا بەو قسانەی کە دەڵێت چەکەکان لە یەپەگە وەردەگرێتەوە دەیەوێت تورکیا فریوبدات، هۆشداریشدا ئەگەر توندوتیژی لە سوریاوە بۆ ناو تورکیا ببرێت، ئەوا ئەوانەی ئەو چەکانەیان داوە باجی هەموو تاکە گولـلەیەک دەدەن کە له توركیا دڵۆپە خوێنێـک بـڕژێت.
PM:09:31:27/06/2017
ئهم بابهته 6706
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت