سعودیە دەرگای دانوستانی بەڕوی قەتەردا داخست


وێستگه‌ نیوزـ

وەزیری دەرەوەی عه‌ره‌بستانی سعودی، لە لێدوانێکدا سەبارەت بە قەیرانی قەتەر، ئاماژەی بەوەکرد ئەو مەرجانەی کە دایانناوە ''دانوستانیان لەسەر ناکرێت''.

عادل جوبەیر، وەزیری دەرەوەی عه‌ره‌بستانی سعودی کە بە سەردانێک لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکایە، سەبارەت بە قەیرانی قەتەر به‌ رۆژنامه‌نوسانی راگه‌یاند:ئەو مەرجانەی داویانەتە قەتەر ''ناکرێت دانوستانیان لەسەربکرێت'' .

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عه‌ره‌بستانی سعودی وتی: ''بۆچوونی خۆمان راگەیاند و هەنگاویشمان لەوبارەیەوە هاویشت، لە ئێستاشدا ئەوە دەکەوێتە سەر قەتەرییەکان کە هەڵسوکەوتی خۆیان بگۆڕن، ئەگەر بێت و ئەوە ئەنجام نەدەن، ئەوا بە گۆشەگیرکراوی دەمێننەوە''.
وەزیری دەرەوەی سعوودیە باسی لەوەشکرد کە بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناو ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو،  قەتەر خۆی دەزانێت پێویستە چی بکات.
له‌ 23ی حوه‌زیرانی 2017، سعودیە و میسر 13 مەرجی یەک لە یەک قورستریان داناوە بۆئەوەی ئابلوقە ئابورییەکانی سەر ئەو وڵاتە هەڵبگرن، تەنیا 10 ڕۆژیش مۆڵەت دراوە بە قەتەر بۆئەوەی باش بیری لێ بکاتەوە و مەرجەکانیان قبوڵ بکات.

سعودیە و میسر و ئیمارات و بەحرەین کە لە ڕۆژی 5ی حوزەیرانەوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەر پچڕاندووە و ئابلۆقەی ئابووریان خستووەتە سەر ئەو وڵاتە، لەڕێی ئەمیری کوەیتەوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و هەڵگرتنی ئابلۆقەی  سەر دەوحە، ئەو 13 مەرجەیان ئاراستەی قەتەر کرد، مەرجەکانیش ئەوەندە قورسن کە زۆرێک لە چاودێران پێیانوایە تەنیا و تەنیا یەک واتای هەیە ئەویش تەسلیمبوونی قەتەرە.

بەشێک لە مەرجەکان بریتین لە، داخستنی کەناڵی جەزیرە. سعودیە و بە تایبەتیتر میسر چەند ساڵێکە زۆر لە سیاسەتی کەناڵی جەزیرە توڕەن، پێیانوایە کەناڵەکە بانگەشە بۆ گروپی ئیخوان موسلیمین دەکات، ساڵی 2013 و لەکاتی پێکدادانەکانی هێزە ئەمنییەکانی میسر و لایەنگرانی محەمەد مورسی، حکومەتی میسر کەناڵی جەزیرەی تۆمەتبارکرد بەوەی هانی لایەنگرانی مورسی دەدات بۆ توندوتیژی و ئاژاوەنانەوە لە میسر.

مەرجێکی دیکەش داخستنی دەستبەجێی بنکەی سەربازی تورکیایە لە قەتەر. قەتەر و تورکیا لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا و بە تایبەتیش لە سوریا بۆچوونیان لێک نزیکە، هەردوو وڵاتیش بەوە ناسراون پشتگیری لە ڕەوتی ئیخوان دەکەن لە ناوچەکەدا، تورکیا ڕاشکاوانە پشتگیری خۆی بۆ قەتەر دەربڕیوە و هێزی رەوانەی ئەو وڵاتە کردووە، بەڵام هێشتا بنکە سەربازییەکەی تەواو نەکردووەتەوە کە سعودیە و میسر داوای داخستنی دەکەن.

مەرجەکەی دیکەشیان پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە، داواکراوە قەتەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بپچڕێنێت، کونسوڵخانەکانی ئێران دابخات، هەموو ئەندامانی سوپای پاسداران لە خاکی وڵاتەکەی دەربکات، قەتەر تەنیا بۆی هەیە پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا هەبێت ئەویش بەو مەرجەی پەیوەندییە بازرگانییەکان زیانی بۆ وڵاتانی عەرەبی نەبێت و دژی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانیش نەبێت کە خراونەتە سەر ئێران.

یەکێکیتر لەو مەرجە قورسانە بریتییە لە پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ هەموو ئەو گروپ و لایەنانەی کە لە لیستی تیرۆری ئەمریکا و سعودیە و میسردان لەوانە حیزبوڵای لوبنان، ئیخوان موسلیمین، قاعیدە، داعش، بەرەی نوسرە. هەروەها دەبێت هەموو ئەندامانی ئەو گروپانە لە وڵاتەکەی دەربکات و دەست بەسەر پارە و سامانەکانیاندا بگرێت. جگە لەوانەش دەبێت زانیاری ورد لەسەر ئەندامانی ئەو گروپانە و هەموو ئەو کەسانەی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی میسر و سعودیە و ئیمارات و بەحرەینن بداتە وڵاتەکانیان.

ئەگەر لە ماوەی 10 رۆژدا حکومەتی قەتەر هەر 13 مەرجەکەی قبوڵکرد و دەستی کرد بە جێبەجێکردنیان ئەوا هێشتا 12 ساڵی پێدەچێت بۆئەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەر بە تەواوی ئاسایی بکەنەوە، لەو 12 ساڵەدا قەتەر بە بەردەوامی لەژێر چاودێریدا دەبێت، ساڵی یەکەم مانگانە بڕیاری لەسەر بەردەوامبوون یاخود هەڵگرتنی سزاکان دەدرێت. ساڵی دووەم هەر سێ مانگ جارێک بڕیار دەدرێت و 10 ساڵی دواتریش ساڵانە جارێک بڕیار دەدرێت.

سعودیە و میسر و ئیمارات و بەحرەین بە ئاشکراکردنی مەرجەکانیان تەنیا 2 ڕێگەیان لەبەردەم قەتەردا هێشتووەتەوە، یان دەبێت بە تەواوی تەسلیمی خواستەکانی ئەو چوار وڵاتە بێت، یاخود دەبێت بە تەواوی بچێتە بەرەی ئێران و تورکیاوە، قەتەر بە هەڵبژاردنی هەرکام لەو 2 رێگەیە دەبێت باجێکی قورس بدات.


AM:11:49:28/06/2017


ئه‌م بابه‌ته 3890 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت