عه‌لی حه‌مه‌ساڵح بە توندی وه‌ڵامی ئومێد خۆشناو ده‌داته‌وه
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح و ئومێد خۆشناو
وێستگه نیوز - عه‌لی حه‌مه‌ساڵح په‌رله‌مانتاری گۆڕان وه‌ڵامی سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له په‌رله‌مانی كوردستان ده‌داته‌وه و رایده‌گه‌یه‌نێت كه "ناكرێت، ڕیفراندۆم به یاسا شكێنی و به‌بێ سه‌رجه‌م ناوچه كوردستانییه‌كان و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئابوری و ژیانی خه‌ڵك و په‌یوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی و دیبلۆماسی بڕیاری لێبدرێت".
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح په‌رله‌مانتاری گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان له نووسینێكدا به‌ناوی "پارتی و ریفراندۆم"، وه‌ڵامی ئومێد خۆشناو ده‌داته‌وه و ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه كه "ئه‌گه‌ر ئومێد خۆشناو سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی نه‌با، ئه‌م وه‌ڵامه نه‌ده‌درایه‌وه".
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح ده‌ڵێت: "به لۆژیكی حیزبه‌كه‌ی ئه‌م كاكه‌یه، ئه‌وه‌ی ته‌سلیمی ئیراده‌ی چه‌وت و یاسا شكێنی حیزبه‌كه‌ی نه‌بێت، نایه‌وێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بێت!".
ئاماژه‌شی به‌وه‌داوه كه "پارته‌كه‌ی كاك ئومێد، به‌هۆی یاسا شكێنی و داخستنی په‌رله‌مان و باوه‌ڕنه‌بوون به‌ده‌ستاوده‌ستی ده‌سه‌ڵات له ئاستی ناوخۆ‌و نێوده‌وڵه‌تیدا له دۆخێكی خراپدایه. ده‌یه‌وێت ئه‌م دۆخه به ڕیفراندۆمی ساخته و تۆمه‌تباركردنی گۆڕان دابپۆشێت".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی گۆڕان نووسیویه‌تی: "كاكه ئومێد، ده‌بێت ئێوه دوایه‌مین كه‌س بن قسه له‌سه‌ر ده‌ستی ده‌ره‌كی و هێنانی ده‌سه‌تی ده‌ره‌كی بكه‌ن، گۆڕان و سه‌ركرده‌كانی نه به‌عس و نه تورك و نه‌فارسیان نه‌هێناوه بۆ ئه‌م خاكه. ئاوڕێك بده‌وه بزانه ئه‌و هه‌موو بنكه سه‌ربازیه‌ی توركیا له كوردستان كێ هێنای".
ده‌شڵێت: "بپرسه، بزانه به هێزی كێ و ده‌بابه‌ی كێ هاتنه هه‌ولێر؟ ئێستاش ئه‌گه‌ر هاتنی ده‌بابه‌ی به‌عس نه‌با له31ی ئاب له هه‌ولێر حوكمتان نه‌ده‌كرد!".
عه‌لی حه‌مه ساڵح بۆ سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی نووسیویشیه‌تی: "كاتێك ئێوه یاسا ده‌خه‌نه ژێر پێتان و سه‌رۆكی حیزبه‌كه‌ت به ناشه‌رعی له كورسی ده‌سه‌ڵاتدا ده‌مێنێته‌وه، به‌هێزی چه‌كدار ڕێگا نادات سه‌رۆكی شه‌رعی بگه‌ڕێته‌وه، ئیدی كێ نایه‌وێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن".
جه‌ختیشی له‌وه كردووه‌ته‌وه كه "به‌ڵێ ئه‌وه سه‌رۆكی حكومه‌تی حیزبه‌كه‌ی جه‌نابته به‌ناوی ئابوری سه‌ربه‌خۆوه، ئه‌م میلـلـه‌ته‌ی دووچاری ده‌یان قه‌یران و نه‌هامه‌تی كردووه، وڵاتی خستووه‌ته ژێر قه‌رز، ژیانی خۆشی......".
بۆ ئومێد خۆشناو راشیگه‌یاندووه كه "بپرسن پاره‌ی نه‌وت چی لێ دێت؟ ئه‌وه‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه له كام بانكی ئه‌هلی هه‌ڵیده‌گرن، كه به‌ڕێوبه‌ره‌كه‌ی خزمی نزیكی سه‌رۆكی حكومه‌ته!! هه‌موو كه‌س ده‌زانێت كێ نیشتیمانپه‌روه‌ره، به ڕیفراندۆمێكی ساخته كه ته‌نیا بۆ له‌بیربردنه‌وه‌ی گرفته‌كانی خه‌ڵك و دواخستنی هه‌ڵبژاردنه ده‌تانه‌وێت، خه‌ڵك له خشته‌به‌رن".
عه‌لی حه‌مه ساڵح ئاماژه‌شی به‌وه‌داوه كه "زۆر باش و به ورده‌كاریه‌وه ئاگاداری ئه‌و به‌ڵێنانه‌ین، كه به‌لایه‌نی نێوده‌وڵه‌تی داوتانه و وتووتانه ئه‌م ڕیفراندۆمه ته‌نیا بابه‌تێكی ڕاوێژكاریه! نه‌ك بۆ سه‌ربه‌خۆیی! ناكرێت، ڕیفراندۆم به یاسا شكێنی و به‌بێ سه‌رجه‌م ناوچه كوردستانییه‌كان و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئابوری و ژیانی خه‌ڵك و په‌یوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی و دیبلۆماسی بڕیاری لێبدرێت".
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی گۆڕان دووپاتیشیكردووه‌ته‌وه كه "ڕیفراندۆم له پێناوی خواستی نه‌ته‌وه‌یی و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ده‌بێت، نه‌ك به خواستی تایبه‌ت و ویستی كه‌سێك، نه‌ك بۆ په‌رده‌پۆش كردنی گرفته‌كان".
پێشتر ئومێد خۆشناو سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له په‌رله‌مانی كوردستان له په‌یجی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك رایگه‌یاند كه "چاوه‌ڕوانكراوه هێنده‌ی له واده‌ی ریفراندۆم نزیك ببینه‌وه، پیلان و پلانی دژه سه‌ربه‌خۆكان و فشاره جۆر به‌جۆره‌كان زێتر ببن".
وتیشی: "كێشه ناوخۆییه‌كان و چاره‌سه‌ركردنیان بوو به‌مه‌ته‌ڵ ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی تێڕوانینێك هه‌یه بڕیاری پێشوه‌خته‌ی داوه كه نابێ به‌هیچ كلۆجێ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بن".
PM:12:26:28/06/2017
ئه‌م بابه‌ته 35422
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت