باڵیۆزی ئیمارات له مۆسكۆ: له‌م حاڵه‌ته‌دا به قه‌ته‌ر ده‌ڵێین خواحافیز
عومه‌ر غه‌باش، باڵیۆزی ئیمارات لە مۆسکۆ
وێستگه نیوزـ
باڵیۆزی ئیمارات له مۆسكۆ-ی پایته‌ختی روسیا رایگه‌یاند كه وڵاته‌كه‌ی و هاوپه‌یمانه‌كانی به‌باشی ده‌زانن سزاكانیان له‌سه‌ر قه‌ته‌ر، وا له ده‌وحه ده‌كه‌ن به ته‌واوی خۆی بخاته باوه‌شی ئێرانه‌وه، به‌ڵام ئاماده‌ن باجی ئه‌وه‌ش بده‌ن.
له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی گاردیان-ی چاپی به‌ریتانیا، عومه‌ر غه‌باش، باڵیۆزی ئیمارات له مۆسكۆ ئاشكرایكرد كه ئه‌و وڵاتانه‌ی هاتونه‌ته ناو هاوپه‌یمانیی كه‌نداو دژی قه‌ته‌ر، بیر له سه‌پاندنی سزای ئابوریی دیكه به‌سه‌ر ئه‌و وڵاتانه ده‌كه‌نه و داوا له هاوبه‌شه بازرگانه‌كانیان ده‌كه‌ن یان ئه‌وان هه‌ڵبژێرن یان قه‌ته‌ر.
غه‌باش وتیشی كه ده‌ركردنی ده‌وحه له ئه‌نجومه‌نی هاریكاریی كه‌نداو تاكه سزا نییه، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر ئه‌و وڵاته ئاماده نه‌بێت داواكارییه‌كانمان جێبه‌جێ بكات، ئه‌وا پێی ده‌ڵێین: "خوات له‌گه‌ڵ و نامانه‌وێت چیتر له خێوه‌ته‌كه‌ماندا بیت".
ئه‌و دیپلۆماتكاری ئیماراتییه وتیشی كه به رونی د‌رك به‌وه ده‌كات قه‌ته‌ر ناچار بكرێت په‌یوه‌ندیی توندوتۆڵ‌تر له‌گه‌ڵ ئێران بنیادبنێت، به‌ڵام "ئێمه داوایان لێ ده‌كه‌ین لایه‌ك هه‌ڵبژێرێت، ده‌شزانین كه ئه‌وان به‌ره‌و ئێران مل ده‌نێن، ئێمه‌ش ئاماده‌ین باجی ئه‌وه بده‌ین و قبوڵی بكه‌ین."
باڵیۆزه‌كه‌ی ئیمارات بێباكانه وتی: "به‌ڵی داواكارییه‌كانمان به‌سه‌ر قه‌ته‌ردا ده‌سه‌پێنین، چونكه هه‌مان شتشتمان به‌سه‌ر خۆماندا سه‌پاندووه، داوامان كردووه چاودێری بخرێته‌سه‌ر مامه‌ڵه داراییه‌كانی قه‌ته‌ر و پشتیوانیی ئه‌و وڵاته له تیرۆر، خۆشمان هه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ین، كه‌واته ئه‌مه سه‌پاندنی به‌رزترین پێوه‌ره به‌سه‌ر سه‌رجه‌م ناوچه‌كه‌دا نه‌ك ته‌نها یه‌ك وڵات."
سعودیە و میسر و ئیمارات و بەحرەین کە لە ڕۆژی 5ی حوزەیرانەوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەر پچڕاندووە و ئابلۆقەی ئابووریان خستووەتە سەر ئەو وڵاتە، لەڕێی ئەمیری کوەیتەوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و هەڵگرتنی ئابلۆقەی سەر دەوحە، ئەو 13 مەرجەیان ئاراستەی قەتەر کرد، مەرجەکانیش ئەوەندە قورسن کە زۆرێک لە چاودێران پێیانوایە تەنیا و تەنیا یەک واتای هەیە ئەویش تەسلیمبوونی قەتەرە.
بەشێک لە مەرجەکان بریتین لە، داخستنی کەناڵی جەزیرە. سعودیە و بە تایبەتیتر میسر چەند ساڵێکە زۆر لە سیاسەتی کەناڵی جەزیرە توڕەن، پێیانوایە کەناڵەکە بانگەشە بۆ گروپی ئیخوان موسلیمین دەکات، ساڵی 2013 و لەکاتی پێکدادانەکانی هێزە ئەمنییەکانی میسر و لایەنگرانی محەمەد مورسی، حکومەتی میسر کەناڵی جەزیرەی تۆمەتبارکرد بەوەی هانی لایەنگرانی مورسی دەدات بۆ توندوتیژی و ئاژاوەنانەوە لە میسر.
مەرجێکی دیکەش داخستنی دەستبەجێی بنکەی سەربازی تورکیایە لە قەتەر. قەتەر و تورکیا لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا و بە تایبەتیش لە سوریا بۆچوونیان لێک نزیکە، هەردوو وڵاتیش بەوە ناسراون پشتگیری لە ڕەوتی ئیخوان دەکەن لە ناوچەکەدا، تورکیا ڕاشکاوانە پشتگیری خۆی بۆ قەتەر دەربڕیوە و هێزی رەوانەی ئەو وڵاتە کردووە، بەڵام هێشتا بنکە سەربازییەکەی تەواو نەکردووەتەوە کە سعودیە و میسر داوای داخستنی دەکەن.
مەرجەکەی دیکەشیان پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە، داواکراوە قەتەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بپچڕێنێت، کونسوڵخانەکانی ئێران دابخات، هەموو ئەندامانی سوپای پاسداران لە خاکی وڵاتەکەی دەربکات، قەتەر تەنیا بۆی هەیە پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ ئێران‌دا هەبێت ئەویش بەو مەرجەی پەیوەندییە بازرگانییەکان زیانی بۆ وڵاتانی عەرەبی نەبێت و دژی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانیش نەبێت کە خراونەتە سەر ئێران.
یەکێکیتر لەو مەرجە قورسانە بریتییە لە پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ هەموو ئەو گروپ و لایەنانەی کە لە لیستی تیرۆری ئەمریکا و سعودیە و میسردان لەوانە حیزبوڵای لوبنان، ئیخوان موسلیمین، قاعیدە، داعش، بەرەی نوسرە. هەروەها دەبێت هەموو ئەندامانی ئەو گروپانە لە وڵاتەکەی دەربکات و دەست بەسەر پارە و سامانەکانیاندا بگرێت. جگە لەوانەش دەبێت زانیاری ورد لەسەر ئەندامانی ئەو گروپانە و هەموو ئەو کەسانەی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی میسر و سعودیە و ئیمارات و بەحرەینن بداتە وڵاتەکانیان.
ئەگەر لە ماوەی 10 رۆژدا حکومەتی قەتەر هەر 13 مەرجەکەی قبوڵکرد و دەستی کرد بە جێبەجێکردنیان ئەوا هێشتا 12 ساڵی پێدەچێت بۆئەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەر بە تەواوی ئاسایی بکەنەوە، لەو 12 ساڵەدا قەتەر بە بەردەوامی لەژێر چاودێریدا دەبێت، ساڵی یەکەم مانگانە بڕیاری لەسەر بەردەوامبوون یاخود هەڵگرتنی سزاکان دەدرێت. ساڵی دووەم هەر سێ مانگ جارێک بڕیار دەدرێت و 10 ساڵی دواتریش ساڵانە جارێک بڕیار دەدرێت.
سعودیە و میسر و ئیمارات و بەحرەین بە ئاشکراکردنی مەرجەکانیان تەنیا 2 ڕێگەیان لەبەردەم قەتەردا هێشتووەتەوە، یان دەبێت بە تەواوی تەسلیمی خواستەکانی ئەو چوار وڵاتە بێت، یاخود دەبێت بە تەواوی بچێتە بەرەی ئێران و تورکیاوە، قەتەر بە هەڵبژاردنی هەرکام لەو 2 رێگەیە دەبێت باجێکی قورس بدات.
PM:02:14:28/06/2017
ئه‌م بابه‌ته 4632
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت