هاوسەری‌ چەکدارێکی‌ داعش چیرۆكی چوونی بۆ ناو ئه‌و رێكخراوه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌

‌نوور.. هاوسەری چەکدارەکەی داعش

وێستگه‌ نیوز ـ
نور هودا، هاوسەری‌ یەکێک لە چەکدارەکانی‌ داعش لە دوای‌ ئەوەی‌ لەگەڵ هاوسەرەکەیدا لە ژێر دەستی‌ داعش هەڵدێن و خۆیان رادەستی‌ شەڕڤانان دەکەن، رایگەیاند، بە بەرچاوی‌ سەربازەکانی‌ تورکیاوە سنووری‌ تورکیا و سوریایان بە بێ گرفت تێپەڕاندووە. راشیگەیاند، سوپایەکی‌ داعش بەشێوەیەکی‌ فەرمی‌ لە تورکیادا هەیە.


رۆژنامەنووسان کەنداڵ شێخۆ و زانا سەیدی‌ لە ئاژانسی‌ هەواڵی‌ هاوار راپۆرتێکیان لەسەر هاوسەری‌ چەکدارێکی‌ داعش بڵاوکردووەتەوە و لە راپۆرتەکەدا باس لە چۆنیەتیی‌ رۆیشتنیان لە لوبنانەوە بۆ ناو داعش لە رێگای‌ تورکیاوە بۆ سوریا دەکات.

نور هودا کە تەمەنی‌ 20 ساڵە و خەڵکی‌ شاری‌ ترابلۆسی‌ وڵاتی‌ لوبنانە رایگەیاند، لە ساڵی‌ 2013 دا لەگەڵ بیلال نوعمان لە گەڕەکی‌ باب رەمیلی‌ شاری‌ ترابلۆسی‌ لوبناندا هاوسەرگیریی‌ کردووە و دوای‌ نزیکەی‌ دوو ساڵ بوونەتە دایک و باوکی‌ دوو منداڵ.

نور راشیگەیاند: لە رێگەی‌ خاڵۆیەوە هاوسەرەکەی‌ ناسیوە و لە دوای‌ ئەوەی‌ هاوسەرگیری‌ لەگەڵ بیلا نوعمان کردووە ئەوە دەزانێت کە هاوسەرەکەی‌ لەگەڵ گروپی‌ فەتحی‌ ئیسلامدا کار دەکات و یەکێکە لەکەسە کاراکانی‌ ئەو گروپە.

بەپێی‌ قسەکانی‌ نور، لە دوای‌ ئەوەی‌ داعش لە ساڵی‌ 2015دا لە سوریا خەلافەتی‌ راگەیاندووە، هاوسەرەکەی‌ و گروپی‌ فەتح ئیسلام دەچنە ناو داعش. هاوسەرەکەی‌ لە دوای‌ گەیشتنی‌ بۆ سوریا، پەیوەندیی‌ پێوە دەکات و پارەی‌ بۆ دەنێرێت و پێی‌ دەڵێت، کە لە لوبنانەوە بچێتە تورکیا.

لەبارەی‌ رۆیشتنیان لە تورکیاوە بۆ ناو داعش دەڵێت، لە لوبنانەوە کەوتونەتەڕێ بۆ تورکیا و چوونە شاری‌ غازی‌ عەنتاب و لەوێوە رۆیشتوون بۆ سنووری‌ تورکیا و بە بەرچاوی‌ سەربازەکانی‌ تورکیاوە و بەبێ دروستکردنی‌ گرفت، لەگەڵ ژمارەیەکی‌ زۆر لە کەسانی‌ تردا پەڕیونەتەوە بۆ ناو سوریا و لەوێشەوە رۆیشتوون بۆ شارۆچکەی‌ راعی‌ و لەوێ هاوسەرەکەی‌ بینیوە. شارۆچکەی‌ راعی‌ دەکەوێتە ناوچەی‌ شەهبای‌ رۆژئاوای‌ کوردستان و لەو کاتەدا لە دەست چەکدارەکانی‌ داعشدا بووە.

لە دوای‌ گەیشتنیشان بۆ شارۆچکەی‌ راعی‌ کە دەکەوێتە باکووری‌ رۆژئاوای‌ شاری‌ بابەوە، هاوسەرەکەی‌ نور رەوانەی‌ خولێکی‌ راهێنان دەکرێت و لە دوای‌ تەواوکردنی‌ خولەکە لە بەشی‌ کۆچبەرانی‌ داعشدا دەستبەکار دەکات. لە دوای‌ ماوەیەک دەگوێزرێتەوە بۆ بەشی‌ ئاسایشی‌ سنووری‌ داعش لەسەر سنووری‌ نێوان سوریا و تورکیا.

نور لە درێژەی‌ قسەکانیدا ئەوەش دەڵێت، کاتێک پەڕیونەتەوە بۆ سوریا، سنووری‌ کراوە بووە و رۆژانەش لەو سنوورەدا چەکدارەکانی‌ داعش و ئەوانەی‌ دەچوون بۆ ناو داعش هاتووچۆیان دەکرد.

نور باسی‌ ئەوەشیکرد، هاتووچۆ لە سنووری‌ ناوچەی‌ گرێ سپی‌ (تەل ئەبیەز) ئاسانتر بووە بۆیان، چونکە کاتێک بیلال نوعمان هاوسەری‌ نور، کە لە ناو چەکدارەکانی‌ داعشدا پێیان وتوە، ئەبو محەمەد، لە ساڵی‌ 2015 دا بریندار دەبێت، نور دەنێردرێت بۆ سنووری‌ گرێ سپی‌ و لەوێوە دەڕوات بۆ تورکیا و لە تورکیاش لە ماڵی‌ کەسێکی‌ نزیک لە چەکدارەکانی‌ داعشدا دەحەوێتەوە و دواتر دەڕوات بۆ نەخۆشخانە بۆ لای‌ هاوسەرەکەی‌.

نور لەبارەی‌ بوونی‌ داعش لە تورکیا دەڵێت: "ئێمە دەتوانین بڵێین کە سوپایەکەی‌ داعش لە تورکیادا هەیە. زۆربەیان لە ئەدەنە، غازی‌ عەنتاب و ئورفەدان و چالاکن. میوانخانەشیان هەیە و بە ئازادی‌ دەسوڕێنەوە و جموجوڵ دەکەن، بەبێ ئەوەی‌ رووبەرووی‌ گرفت ببنەوە".

نور ئەوەش دەڵێت، لە دوای‌ ماوەیەک لە مانەوەیان لە راعی‌ دەگوێزرێتەوە بۆ شارۆچکەی‌ منبج و هاوسەرەکەی‌ پێی‌ دەڵێت، لەگەڵ ئەو پاسانەدا بڕوات بۆ منبج و لە دوای‌ چەند رۆژ لە گەیشتنیان بۆ مبنج، هەواڵی‌ کوژرانی‌ هاوسەرەکەی‌ پێ رادەگەیەنن.

بەگوێرەی‌ قسەکانی‌ نوور، لە دوای‌ سێ مانگ لە کوژرانی‌ هاوسەرەکەی‌ رەوانەی‌ میوانخانە کراوە و لە میوانخانەدا رێگای‌ چوونە دەرەوەیان نەبووە و پێنج مانگ لە میوانخانەکەدا ماوەتەوە، تا بەهۆی‌ گەمارۆدانی‌ منبج لەلایەن شەڕڤانەوە نور و ژمارەیەک لە کەسانی‌ تر  دەگوێزرێنەوە بۆ رەقە.

نور لە رەقە لەگەڵ یاسین عوسمان، خەڵکی‌ وڵاتی‌ تونس هاوسەرگیری‌ دەکات و دەڵێت: "لە دوای‌ ئەوەی‌ لەلایەن چەکدارەکانی‌ رووبەڕووی‌ چەوساندنەوە و ئەشکەنجە بوونەتەوە"، هاوسەرەکەی‌ ئۆتۆمبێلێک دەدزێت و رادەکەن بۆ میادین و لەوێوە خۆیان رادەستی‌ شەڕڤانان دەکەن".


AM:08:38:29/06/2017


ئه‌م بابه‌ته 34702 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو