حه‌شدی شه‌عبی هێرشی بۆسه‌ر باشوری گه‌یاره‌ ده‌ستپێكرد


وێستگه‌ نیوزـ

ئه‌مڕۆ هه‌ینی 14ی ته‌مموزی 2017،هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی هێرشی سه‌ر ناحیه‌ی گه‌یاره‌یان له‌ گوندێكی باشوری ناحیه‌كه‌وه‌ ده‌ستپێكرد.

حه‌شدی شه‌عبی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند كه‌ لیوای 50ی حه‌شدی شه‌عبی به‌ پشتیوانیی فریقه‌ی 9ی زرێپۆشی سوپای عیراق هێرشی كردووه‌ته‌سه‌ر گوندی ئیمام غه‌ربی له‌ میحوه‌ری باكور كه‌ ده‌كاته‌ باشوری ناحیه‌ی گه‌یاره‌-ی سه‌ربه‌ شاری موسڵ كه‌ هێشتا له‌ژێر ده‌ستی چه‌كدارانی داعشدایه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانی سۆمه‌ریه‌ نیوز، هه‌ر ئه‌مڕۆ لیوای 60ی سه‌ربه‌ فیرقه‌ی 17 له‌ ئۆپراسیۆنه‌كانی سه‌لاحه‌دین له‌ میحوه‌ری باشوره‌وه‌ هێرشیكردووه‌ته‌ سه‌ر هه‌مان گوند و كه‌وتووه‌ته‌ شه‌ڕێكی قورس له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی داعش.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە 10ی تەمموزی 2017، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق لە موسڵەوە سه‌ركه‌وتنی هێزه‌ عیراقییه‌كانی له‌ ته‌واوی ئەوشارە به‌سه‌ر رێكخراوی داعش راگه‌یاند و ئەمشەو گەیشتەوە بەغدای پایتەخت.

نوسینگه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق راگه‌یاندنی سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر داعش له‌ ته‌واوی شاری موسڵ به‌ "مێژوویی" وه‌سفكردووه‌، هاوكات عه‌بادی له‌ باره‌گای پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كانی ده‌زگای دژه‌ تیرۆری عیراق له‌ به‌ری راستی موسڵ سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر داعش و كۆتایی ئه‌و رێكخراوه‌ راگه‌یاند.

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 9ی ته‌مموزی 2017، حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق گه‌یشته‌ به‌ری راستی موسڵ و له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ ئه‌منییه‌كاندا كۆبووه‌وه‌ و دواتر چووه‌ به‌ری راستی موسڵ كه‌ پێشتر رزگار كرابوو و شه‌قامه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی به‌سه‌ر كرده‌وه‌.

له‌ 17ی تشرینی یه‌كه‌می 2016 حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق پرۆسه‌ی رزگاركردنه‌وه‌ی موسڵی له‌ ده‌ستی داعش به‌ناوی (قادمون یا نینوی‌) راگه‌یاند كه‌ له‌ مانگی ته‌مموزی 2014 داگیری كرد، سه‌ره‌تای پرۆسه‌كه‌ش له‌ به‌ری چه‌پ (خۆرهه‌ڵات)ی موسڵ ده‌ستیپێكرد.

پرۆسەکە به‌ هاوكاریی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و سوپای عیراق و به‌شداریی 60 وڵاتی جیهان به‌ناوی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش ئەنجامدرا و له‌ 24ی كانونی دووه‌می 2017 عه‌بادی وه‌ده‌رنانی داعش و کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی ئەو رێکخراوەی له‌ ناوچه‌که‌ راگه‌یاند.

لە 19ی‌ شوباتی‌ 2017ش ئۆپراسیۆنی‌ کۆنتڕۆڵکردنەوەی‌ بەری‌ راست (رۆژئاوا)ی‌ موسڵ دەستیپێکرد و تا ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 9ی ته‌مموزی 2017 شه‌ڕی رزگاركردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی موسڵی كۆن به‌ڕێوه‌چوو و لە 10ی تەمموزیش چەکدارانی ئەو رێكخراوە لەو ناوچانە دەرکران و کۆتایی یەکجاریی داعش لە سەرتاسەری موسڵ راگەیەندرا.


PM:12:02:14/07/2017


ئه‌م بابه‌ته 3310 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت