عه‌بادی‌: رێگه‌ به‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كان ناده‌ین


وێستگه‌ نیوز – سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق، ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوكی ئاگادار كرده‌وه‌ كه‌ رێگه‌ به‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كان ناده‌ین.

ئه‌مڕۆ رێبوار تاڵه‌بانی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك به‌ وه‌كاله‌ت له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌نووسیدا رایگه‌یاند كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم له‌ شاره‌كه‌ نووسراوێكی‌ ره‌سمی‌ ئاراسته‌ كردوون.

رێبوار تاڵه‌بانی‌ وتی‌: "سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق به‌ نووسراوه‌كه‌ ئاگاداری‌ كردینه‌وه‌ كه‌ رێگه‌ به‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی‌ ماده‌ی‌ 140نادات"

وتیشی‌: "وه‌ك ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا بیر له‌ رێگه‌چاره‌یه‌كی‌ تر بۆ دیاریكردنی‌ چاره‌نووسی‌ كه‌ركوك ده‌كه‌ینه‌وه‌".

رۆژی چوارشه‌ممه‌ 7ی حوزه‌یرانی 2017، جگه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی، بارزانی و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌ و بڕیاریاندا ڕۆژی 25ی ئه‌یلولی 2017، ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بدرێت و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمیش بگرێته‌وه‌.

ئه‌م بڕیاره‌ی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق ده‌بێته‌ له‌مپه‌ڕ له‌به‌رده‌م ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم له‌ شاری‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم.



PM:01:41:19/07/2017


ئه‌م بابه‌ته 4879 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو