ئه‌و ژن و مێرده‌ی ته‌رمه‌كەیان له شاخێكی به‌سته‌ڵه‌ك دۆزرایه‌وه
پاشماوەی کەلوپەلی ژن و مێردەکە
وێستگه نیوزـ
میدیاكانی سویسرا بڵاویانكرده‌وه دوو ته‌رمی به‌ستوی له چیای ئالپ دۆزراونه‌ته‌وه كه 75 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دیارنه‌مابوون و به ونبوو هه‌ژمار كرابوون.
مارسلان و فرانسین دۆمۆلین، دایك و باوكی حه‌وت منداڵ بوون و له رۆژی 15ی ئابی 1942 چونه‌ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌كه‌یان بۆ دۆشینی مانگاكانیان له كێڵگه‌یه‌كی نزیك ناوچه‌ی شاندولین له هه‌رێمی فالس-ی سویسرا، به‌ڵام له‌وكاته‌وه نه‌گه‌ڕانه‌وه بۆلای منداڵه‌كانیان تا هه‌فته‌ی ته‌رمه‌كانیان به‌هۆی داڕمانی به‌فر و به‌سته‌ڵه‌كه‌وه دۆزرایه‌وه.
پۆلیسی فالس له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشكرایكرد كه ته‌رمی ئه‌و ژن و مێرده له‌لایه‌ن كرێكارێكه‌وه له‌سه‌ر روباری تسانفلۆرۆن-ی به‌سته‌ڵه‌ك له نزیك هه‌وارگه‌ی لیه دیابلریه‌ی و له به‌رزایی دوو هه‌زار و 615 مه‌تر دۆزراوه‌ته‌وه، ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه كه ئه‌و ژن و مێرده به‌ڵگه‌نامه‌ی ره‌سمیی و كه‌سیی خۆیان پێیه.
پۆلیسی فالس رایگه‌یاند كه هه‌ردوو ته‌رمه‌كه له نزیك یه‌كتر كه‌وتبوون و جلوبه‌رگه‌كانیان بۆ سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانیی دووه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه و ته‌رمه‌كان تێكنه‌چوون و جلوبه‌رگ و ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی پێیان بووه به باشی ماونه‌ته‌وه، وتیشی به‌نیازن پشكنینی DNA بۆ هه‌ردوو ته‌رمه‌كه بكه‌ن تا له ناسنامه‌كانیان دڵنیا ببنه‌وه، بێئەوەی هێشتا رون ببێتەوە هۆکاری گیانلەدەستدانەکەیان چییە.
مارسلان دۆمۆلین ته‌مه‌نی 40 ساڵ بووه و له‌وكاته‌دا پیشه‌ی پێڵاو دروستكردن بووه، فرانسین دۆمۆلین-ی ژنیشی ته‌مه‌نی 37 ساڵ بووه و مامۆستا بووه، دوای خۆشیان پێنج كوڕ و دوو كچیان به‌جێهێشت.
دوای دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمه‌كانیان، مارسلین دۆری دۆمۆلین، كوڕه بچوكی ئه‌و ژن و مێرده راگه‌یاندووه: "هه‌موو ژیانمان له گه‌ڕان به‌دوایاندا به‌سه‌ربرد به‌بێ وه‌ستان، چاوه‌ڕوانمان ده‌كرد رۆژێك بێت مه‌راسمێكی به‌خاكسپاردنی شایسته‌یان بۆ بكه‌ین".
كچه‌كه‌شیان كه ئێستا ته‌مه‌نی 79 ساڵه ده‌ڵێت: "دوای 75 ساڵ چاوه‌ڕوانی، ده‌توانم بڵێم ئه‌م هه‌واڵه وای لێكردم هه‌ست به ئارامییه‌كی قوڵ بكه‌م".
PM:03:09:19/07/2017
ئه‌م بابه‌ته 5886
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت