ناوه‌ڕۆكی ئه‌و په‌یامه‌ی دوو براكه‌ ئاڕاسته‌ی دزه‌كه‌یان كردبوو له‌سه‌ر بردنی ئۆتۆمبێله‌كه‌یان


وێستگه‌ نیوز ـ
لە رانیە دوای ئەوەی دووبرا ئۆتۆمبێلکیان لێ دزرا پەیامێکیان ئاڕاستەی دزەکە کرد و ئەمڕۆش لەلایەن ئاسایشی حاجیاواوە ئۆتۆمبێلەکەیان دۆزرایەوە.

دوو براکە کە شەوی رابردوو لە بەردەم نەخۆشخانەی رانیەدا ئۆتۆمبێلەکەیان لێ دزراوە لە پەیامەکەدا بۆ دزەکە دەڵێن: "دەزانی دایکی نەخۆش و داماومان چەند دڵی خۆشبوو بەو نیسانە، دڵنیام نەتزانیوە، چونکە ئەگەر زانیبات ویژدانت رێگەی نەدەدا کە ئەو پیك ئەپ نیسانە بەری کە بۆ دایكی نەخۆشمان هەمیشە وەك رۆحی دووەمی ئەو بوو".

هەروەها دەشڵێن: "لە ناوەڕاستی ساڵی 2013دا خۆم و براکەم کەمێك پارەمان کۆکردوە و پاشان ئەو ئۆتۆمبێلەمان پێ کڕی چونکە دایکمان هەمیشە نەخۆش بوو بۆ ئەوەی محتاجی دەستی کەس نەبین و دایکم بەو ئۆتۆمبێلە ببەین بۆ لای پزیشک و نەخۆشخانە ئیدی هەمیشە سوپاسی خوامان دەکرد".

ئەو دوو برایە لە پەیامەکەدا دەشڵێن: "لە 2015دا دایکمان تووشی نەخۆشی سیەکان بوو و کە نەخۆشێكی درێژخایەنە و 80% سیەکانی لەکارکەوت و تا ئێستا 20% سیەکانی ئیشدەکات ئەویش دەبێت هەمیشە ئۆکسجینی لەسەر بێت".

ئاماژە بەوەش دەکەن، لەو کاتەوە هەتا شەوی پێش دزینی ئۆتۆمبێلەکەیان کە لە جۆری نیسان پێک ئەپە، بە ئۆتۆمبێلەکەیان وتووە "بــــووگاتی"، نەک لەبەرئەوەی تایبەتمەندی وەک بووگاتی بەرز بێت بەڵکو بۆ ئەوان هێندەی یەك بووگاتی و زیاتریش سوودی هەبووە لەبەر دایکیان.

هەروەها دەشڵێن، لە شەوی رابردووەوە تا ئەم بەیانییە خۆیان نیشانی دایکیان نەداوە و هەواڵی دزینی ئۆتۆمبێلەکەیان پێ نەوتووە، چونکە دایکیان دڵی لاوازە و ئەگەری هەیە بەهۆی هەواڵەکەوە دڵی بووەستێت.

لە کۆتایی پەیامەکەدا دوو براکە بە دزەکە دەڵێن: "ئەو قسانەی کە بۆتمان نووسیوە لە ناخی دڵمانەوەیە و ڕەنگدانەوەی ژیانی ئێمە بووە لەگەڵ ئەو ئۆتۆمبیل، هیوادارینکە بۆمان بگەڕێنیتەوە و زۆر سوپاست دەکەین".

کەسێک بەناوی کاوە حسێن پەیامی دوو براکەی لە فەیسبوک بڵاوکردووەتەوە و ئەمڕۆ تۆتۆمبێلی دوو براکە لەلایەن ئاسایشی حاجیاواوە دۆزراوەتەوە، ئەوەی جێی سەرنجە پەیجی حاجیاوا نیوز وێنەی ئۆتۆمبێلەکەی لە کۆمێنتی پۆستەکەدا داناوە کە چەند کارمەندێکی ئاسایشی حاجیاوا وێنەیان لەگەڵدا گرتووە دوای دۆزینەوەی.


PM:02:38:20/07/2017










ئه‌م بابه‌ته 15775 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت