رۆستایی: ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ده‌توانێت نووسراوه‌كه‌ی عه‌بادی بۆ ریفراندۆم جێبه‌جێ نه‌كات

‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك

وێستگه‌ نیوز- پشتیوان جه‌مال
په‌رله‌مانتارێكی لیژنه‌ی یاسایی له‌ په‌رله‌مانی عیراق رایگه‌یاند كه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی پارێزگای كه‌ركوك به‌پێی فه‌رمانێكی پۆڵ بریمه‌ر حاكمی پێشووی مه‌ده‌نی ئه‌مریكا له‌ عیراق كاره‌كانی به‌ڕێوه‌ ده‌بات، ده‌توانن نووسراوه‌كه‌ی عه‌بادی بۆ ئه‌نجام نه‌دانی ریفراندۆم جێبه‌جێ نه‌كه‌ن.

زانا رۆستایی، په‌رله‌مانتاری لیژنه‌ی یاسایی له‌ په‌رله‌مانی عیراق به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند، پارێزگای كه‌ركوك به‌پێی یاسای 21ی 2008ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان به‌ڕێوه‌ ناچێت، به‌ڵكو به‌پێی فه‌رمانی پۆڵ بریمه‌ر به‌ڕێوه‌ ده‌چێت كه‌ پێش په‌رله‌مانی عیراق فه‌رمانی بۆ پارێزگاكان ده‌ركردووه‌.

زانا رۆستایی وتی: "ئه‌و فه‌رمانه‌ی بریمه‌ر جۆرێك له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌داته‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك كه‌ هه‌تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر بڕیار به‌ده‌ستی خۆیه‌تی و حكومه‌تی عیراق ناتوانێت فشاری زۆری له‌سه‌ر دروست بكات، له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌كو پارێَزگاكان پابه‌ند نییه‌ به‌ یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان".

رۆستایی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ نامه‌كه‌ی عه‌بادی بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك كاریگه‌ری هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌نجومه‌نیش ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌ و ده‌توانێت كۆبوونه‌وه‌ بكات و فه‌رمانه‌كه‌ جێبه‌جێ نه‌كات.

رۆژی سێشه‌ممه‌ رێبوار تاڵه‌بانی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك به‌ وه‌كاله‌ت له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌نووسیدا رایگه‌یاند كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم له‌ شاره‌كه‌ نووسراوێكی‌ ره‌سمی‌ ئاراسته‌ كردوون.

رێبوار تاڵه‌بانی‌ وتی‌: "سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق به‌ نووسراوه‌كه‌ ئاگاداری‌ كردینه‌وه‌ كه‌ رێگه‌ به‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی‌ ماده‌ی‌ 140نادات".

وتیشی‌: "وه‌ك ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا بیر له‌ رێگه‌چاره‌یه‌كی‌ تر بۆ دیاریكردنی‌ چاره‌نووسی‌ كه‌ركوك ده‌كه‌ینه‌وه‌".

رۆژی چوارشه‌ممه‌ 7ی حوزه‌یرانی 2017، جگه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی، بارزانی و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌ و بڕیاریاندا ڕۆژی 25ی ئه‌یلولی 2017، ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بدرێت و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمیش بگرێته‌وه‌.

ئه‌م بڕیاره‌ی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق ده‌بێته‌ له‌مپه‌ڕ له‌به‌رده‌م ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم له‌ شاری‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم.


PM:05:03:20/07/2017


ئه‌م بابه‌ته 2204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت