ئه‌ڵمانیا: به‌رامبه‌ر کرده‌وه‌کانی تورکیا بێ هه‌ڵوێست نابین

‌زیگمار گابریێل، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا

وێستگه‌ نیوزـ

له نامه‌یه‌کی كراوه‌ بۆ سێ ملیۆن ئاڵمانیی به‌ره‌چه‌ڵه‌ك تورك، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا جه‌ختیكرده‌وه‌ که ئه‌و تورکانه ئه‌ڵمانین و نابێت خۆیان جیاواز له ئه‌ڵمانییه‌کانی تر ببینن.

زیگمار گابریێل، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا له‌ نامه‌كه‌یدا دڵنیایی داوه‌ته‌وه‌ ئه‌ڵمانییه‌ به‌ره‌چه‌ڵه‌ك توركه‌كان و رایگه‌یاندووه‌ كه‌ حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی له هه‌وڵه‌کانی خۆی بۆ دروستکردنی په‌یوه‌ندیی باش له‌گه‌ڵ تورکیا به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام ناتوانێت له به‌رامبه‌ر ده‌ستبه‌سه‌رکردنی چه‌ند هاوڵاتییه‌كی ئه‌ڵمانی له تورکیا بێ هه‌ڵوێست بمێنێته‌وه‌.

ئه‌م نامه‌یه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا له‌ رۆژنامه‌ی بیلد-ی چاپی ئه‌و وڵاته‌ بڵاوبوه‌ته‌وه و له کاتێکیشدایه‌ كه‌ ناکۆکی نێوان به‌رلین و ئه‌نقه‌ره‌ روو له زیادبوونه‌وه‌ و.

رۆژی پێنجشه‌ممه 20ی ته‌مموزی 2017، حکومه‌تی ئه‌ڵمانیا هاوڵاتیانی خۆی بۆ گه‌شتكردن بۆ تورکیا ئاگاداركرده‌وه‌ و داوای لێکردن له کاتی سه‌فه‌ر بازرگانی یان گه‌شتیاری بۆ ئه‌و وڵاته‌ به هوشیاریه‌وه هه‌ڵسوكه‌وت بکه‌ن و ئه‌درێسی ته‌واوی خۆیان به باڵیۆزخانه یان كۆنسولگه‌رییه‌كانی ئه‌ڵمانیا له تورکیا بده‌ن.

به‌رپرسانی به‌رلین به ناڕاسته‌وخۆ رایانگه‌یاندوه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه له کاردانه‌وهیان به‌رامبه‌ر ده‌ستبه‌سه‌رکردنی چه‌ند هاوڵاتییه‌كی وڵاته‌كه‌یان له تورکیا، گه‌مارۆی دیاریکراوی ئابوری بخه‌نەسه‌ر تورکیا.

پێشتریش وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا هۆشداریی به بازه‌رگانه‌كانی وڵاته‌كه‌ی دابوو ئه‌گه‌ر بچنه تورکیا له‌وانه‌یه‌ توشی مه‌ترسی ده‌ستبه‌سه‌رکردنی نایاسایی بن.

له به‌رامبه‌ریشدا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی كۆماری توركیا ده‌ڵێت له‌ هه‌ڕه‌شه‌کانی به‌رلین له‌ ئه‌نقه‌ره‌ ناترسێت و ده‌بێت ئه‌ڵمانیا خۆی کۆبکاته‌وه.


PM:08:13:22/07/2017


ئه‌م بابه‌ته 2861 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت