کۆمیتەیەکی پیاوانە بۆ ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان


وێستگە نیوز - 

بەشێک لە رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی ئافرەتان و ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان نیگەرانن لە پشتگوێخستن و بەشداریپێنەکردنی ژنان لە پرسە چارەنوسسازەکاندا لە کوردستانی عیراق، لەنێویاندا ریفراندۆم، کە لەکۆی هەشت ئەندامی کۆمیتەیەکی باڵا بۆ ئەو پرسە تەنیا یەک ژنی تێدایە و ئەگەری زیادکردنی ژمارەى پیاوانیش لە ئارادایە.

بارزانی و ژمارەیەک لە پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان سەرەتای حوزەیرانی رابردوو بڕیاریاندا بە سازدانی ریفراندۆم لە 25ی ئەیلول لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و "ناوچەى جێناکۆک”، بەڵام پرسەکە سەرەڕای نیگەرانی ناوخۆ و وڵاتانی دراوسێ، رووبەڕووی گلەیی ژنانیش بۆتەوە بەتایبەت لەسەر پێکهاتەى ئەو کۆمیتە باڵایە کە دیاریکراوە بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی ڕیفراندۆمەکە.

نیگەرانییەکە لەوەوە سەرچاوەى گرتووە، کە لە کۆی هەشت ئەندامی کۆمیتەیەکە یەک ژنی تێدایە ئەوەش بەلای ئەوانەوە کەمە.

خانم رەحیم، بەڕێوەبەرى رێکخراوى ئاسودە بۆ داکۆکیکردن لە پرسەکانی ژنان بەkirkuknowی وت "ژنان کێشەى ئەوەیان هەیە لە بڕیارە گرنگەکاندا بەشداریان پێناکرێت ئەوەندەى لەشتە بچوکەکان دەردەخرێن… بە درێژایى ساڵانى رابردوو لە چارەسەرکردنى ناکۆکى حیزبەکان و لە مەسەلەى هێنانەدى ئاشتى کۆمەڵایەتى و پرسە سیاسییە گرنگەکان بەشداریان پێنەکراوە… ئەگەر بە سوتفە ژنێک هەڵبژێردرێت ئەوا وەک بەشێک لە یارى سیاسى هەڵدەبژێردرێت، نەک وەک ئەوەى بیانەوێت ژن بەشداریپێبکەن”.

خانم بۆ ئەوەش نمونەى ئەندامانی کۆمیتەى باڵای ریفراندۆم دەهێنێتەوە، "پرسەکە تایبەتە بەهەموو تاکەکانى کۆمەڵگا زۆر پێویستە لەهەر لیژنەیەک ژمارەیەکى زۆر ژنى تێدابێت تا بۆچوون و تێڕوانینی ژن لەسەر ریفراندۆم و مەسەلە نەتەوایەتییەکان ئامادەییان هەبێت”.

تانیا کەمال، لێپرسراوی رێکخراوى راسان بۆ کاروبارى ژنان رایگەیاند "زۆرێک لە لیژنەکان کە بۆ دانوستان بۆ دەستنیشانکردنى ئایندەى ئەم میللەتە پێکدەهێنرێن ژنى تێدا نییە و ئەمە کۆمەڵگەیەکى پیاوسالارییە، لە بڕیارى سیاسى و نەتەوەیى و نیشتمانیدا بەشدارنین، هەموو بڕیارە سەرەکییەکان پیاو دەیدات”.

بوونی مۆرکێکی پیاوانە بە ریفراندۆمەوە، بۆچوونی جیاوازی لەنێوان پیاوان دروستکردووە، هەندێک ئەوە بەکەموکورتی دەبینن، بەلای بەشێکیشیانەوە دۆخێکی ئاساییە، عەبدوڵا وەرتێ، نوێنەرى بزوتنەوەى ئیسلامى لە کۆمیتەى ریفراندۆم، بە(کەرکوک ناو)ی وت "دیارە حیزبەکان ئافرەتیان نەبووە بۆ ئەو کۆمیتەیە، بەڵام ئەوە نابێتە گرفت”.

شوان داودی، نوێنەری کەرکوک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و ئەندامی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، وتی "کۆمیتەى باڵاى ریفراندۆم ئیشێکى جێندەرى نییە تا ژنى تێدابێت”.

داودی کە هێشتا حزبەکەى نوێنەری بۆ ئەو کۆمیتەیە دیارینەکردووەو تێبینی "یاسایی” لەسەر ریفراندۆم هەیە، وتی "کۆمیتەکە ئیشی جێبەجێکردنى پرسێکى نیشتمانییە، پێمسەیرە میدیاى کوردى ئیش لەسەر ئەوە بکات ژنان بەشداریان پێنەکراوە”.

وتەکانی داودی لەکاتێکدایە میدیاکانی نزیک لە یەکێتی ناوی دوو کاندیدی پیاو دەهێنن، بۆ بوونە ئەندام لە کۆمیتەى ریفراندۆم.
بەڵام محەمەد ئیلیخانى، نوێنەرى پارتى گەشەپێدانى تورکمان لە کۆمیتەى ریفراندۆم دەڵێت "کۆمیتەکەکە بە شێوەى هاوسەنگ لەڕوى جێندەریی و جوگرافییەوە بیرى لێنەکراوەتەوە ئەوەش کەموکورتییە”.

"کلتورى هەموو کوردستان ئەوەیە لە هەموو جێگاکان کەسى یەکەم و دوەمى حیزبەکان پیاون، پیاوان زیاتر لە سیاسەتدا رۆڵدەبینن و سەرکرایەتى دەکەن، حیزبەکان کێیان ویستووە ئەوەیان داناوە و حساب بۆ شوێنى جوگرافى و باڵانسی جێندەری نەکراوە”، ئیلیخانی وای وت.

حەیات مەجید، ژنە پەرلەمانتارێکى پارتى دیموکراتی کوردستان، کە بارزانی سەرۆکایەتی دەکات، بە سایتەکەی راگەیاندووە "باشترە ژنان بەشداربن لە لیژنەى باڵاى ریفراندۆمدا نەک تەنیا شکڵی بەڵکو رۆڵی سەرەکی ببینن، چونکە پرسەکە گرنگەو سەدان ژنى بەتوانامان هەیە”.

حزبێکی کریستیانی نوێنەرێکی ژنی بۆ کۆمیتەى باڵای ریفراندۆم پێکهێناوە، لەکاتێکیدا حزبە گەورەکان کە هەڵگری زۆرینەى بڕیارە گرنگەکانن ئەندامەکانیان بە پیاو پڕکردۆتەوە.

وەحیدە یاقو هرمز تاکە خانمەکەى نێو کۆمیتەى ریفراندۆم کە هەفتەى رابردوو یاوەری وەفدەکەى بارزانی کرد بۆ بەلجیکا بۆ روونکردنەوەى پرسی ریفراندۆم بۆ ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا، بە (کەرکوک ناو)ی وت "هیوادارم لایەنە سیاسییەکان گرنگى بە ژن بدەن، چونکە سەرکردەى ژنیان هەیە… ژنان کە نیوەى کۆمەڵگەن دەبوایە ژمارەیان زیاتر بێت، پێویستە حیزبەکان بە خۆیاندا بچنەوەو ژنان کاندید بکەن”.

لەبارەى سەردانەکەیان بۆ ئەوروپا، وەحیدە وتی "ئەوروپییەکان بە بینینی من وەک ئەندامێکی ژن لە کۆمیتەکە خۆشحاڵبوون”.
خانم رەحیم کۆتایی قسەکانی بەوەهێنا "ئەگەر سبەى ریفراندۆم هەر دەرئەنجامێکى هەبوو، ئەگەر وڵاتێک دروستکرا، هەستبکەین ئەم کوردستانە هى ژنان و پیاوانى ئەم وڵاتەیە نەک بە تەنها پیاوان بڕیارى لەسەر بدەن”.

ئەنجومەنى باڵاى خانمانى کوردستان، کە دامەزراوەیەکی حکومییەو کاردەکات بۆ داکۆکیکردن لە ژنان و رۆڵبینینیان لەپرسە سیاسییەکاندا، بە نوسراوێک داوایان لە مەسعود بارزانی کردووە ژمارەى ژنان لە کۆمیتەکە زیادبکات.

پەخشان زەنگەنە، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای خانمان لەوبارەیەوە وتویەتی:"نووسراوەکەمان گەیشتۆتە نوسینگەى سەرۆکایەتى هەرێم و چاوەڕێى هاتنەوەى مەسعود بارزانى دەکەین بۆ وەڵامدانەوەیى و داوامان لێکردووە کە ژنان بەشداربن لە لیژنەى باڵاى ریفراندۆمدا، ئەگەر نوێنەرى حزبەکانیش هەموو پیاوبن باچەند ژنێکى تر دابنرێت کە سەدان ئافرەتى بەتوانامان هەیە”.

زەنگەنە دەڵێت ئەگەر وەڵامەکەى بارزانیان بەدڵ نەبێت، "بێدەنگ نابین و لەڕێگەى رێکخراوەکانى ژنانەوە کە پەیوەندى باشمان لەگەڵیاندا هەیە قسەى خۆمان دەبێت”.


PM:09:55:23/07/2017


ئه‌م بابه‌ته 5544 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو