هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر له‌سه‌ر خۆ كاندید نه‌كردنی روونكردنه‌وه ده‌دات
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر
وێستگه نیوز - هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵسوڕاوی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رایگه‌یاند كه خه‌ڵك متمانه‌ی پێبه‌خشیوه بۆ ئه‌ركێك، كه له ئێستادا ناكرێت بیگۆڕێته‌وه به پۆستێكی حیزبیی دیاریكراو.
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری هه‌ڵبژێردراو له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌باره‌ی خۆ كاندیدكردن و نه‌كردنی بۆ یه‌كێك له پۆسته باڵاكانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بڵاوكرده‌وه.
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵسوڕاوی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و پارێزگاری هه‌ڵبژێردراو له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی، له نووسینێكدا له په‌یجی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاویكردووه‌ته‌وه، رایگه‌یاندوه "زۆرینه‌ی زۆری خه‌ڵك متمانه‌ی به ئێمه به‌خشیوه بۆ ئه‌ركێك، كه له ئێستادا ناكرێت بیگۆڕینه‌وه به پۆستێكی حیزبیی دیاریكراو له‌ناو په‌یكه‌ری ڕێكخراوه‌یی سیاسیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا، كه دیاره به‌پێی ده‌ستوری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ناكرێت كه‌سێك له یه‌ك كاتدا دوو ئه‌ركی حكومیی و حیزبی باڵا له ئه‌ستۆ بگرێت".
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر نووسیویه‌تی: "ڕاسته ناشه‌رعی بوونی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، هه‌موو كوردستانی خسته دۆخێكی ته‌واو نایاسایی و ناجێگیر و شێواوه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه ناكاته ئه‌وه‌ی كه ئێمه له‌و په‌یام و ڕێباز و ئامانجانه‌مان دووربكه‌وینه‌وه، كه هه‌م خۆمان باوه‌ڕمان پێیانه، هه‌میش خه‌ڵك به‌و باوه‌ڕه‌وه متمانه‌یان به ئێمه به‌خشیوه".
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر باسی له‌وه‌ش كردووه كه "به كورتی له نێوان هه‌موو خه‌ڵك و به‌شێك له خه‌ڵكدا، به‌پێی متمانه‌ی خه‌ڵك پێویسته هه‌موو هه‌ڵبژێرین، بۆئه‌وه‌ی له‌لایه‌ك مۆدێلی سیاسیی گۆڕان بۆ هه‌موو كه‌س و كات و شوێنێك بگوێزینه‌وه، له‌لایه‌كی تریشه‌وه حیزبایه‌تی له ده‌وڵه‌تداریی جیابكه‌ینه‌وه، خزمه‌تی تایبه‌تی له خزمه‌تی گشتیی و كایه‌ی تایبه‌ت له كایه‌ی گشتیی جودا بكه‌ینه‌وه و ئه‌و ڕاستییه‌ش بسه‌لمێنین كه به‌رپرسیارێتیی له گۆڕاندا هه‌یه، نه‌ك به‌رپرسێتیی".
ڕاشیگه‌یاندووه "واته گرنگ نییه كێ به‌رپرسه، گرنگ ئه‌وه‌یه هه‌موومان به‌رپرسیارین، ده‌رفه‌تیش بۆ ئه‌و هاوڕێ به‌ڕێز و به هه‌ڵوێست و بوێرانه‌مان بڕه‌خسێنین، كه ته‌سك و تاریكی مۆدێله كۆنه‌كانی سیاسه‌ت و حوكمڕانیی و ده‌وڵه‌تداریی، بچوكترین ده‌رفه‌تی لێ داخستوون".
ئه‌م روونكردنه‌وه له‌كاتێكدایه، بڕیاره ڕۆژی 25ی ئه‌م مانگه ڕێكخه‌ری گشتی و ئه‌ندامانی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ڵبژێردرێن كه یه‌كێك له ئه‌ندامانی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن بریتی ده‌بێت له سه‌رۆكی جڤاتی گشتی بزووتنه‌وه‌كه كه پێشتر هه‌ڵبژێردراوه.
PM:11:47:23/07/2017
ئه‌م بابه‌ته 5088
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت